کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن و ماردین دەرئوفتادە، باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە، بانگی ئیتلاعات کران

09:55 - 31 گەلاوێژ 2723

حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە، باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە، لە شەهیدانی ڕاپەڕین، بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پیرانشار کران.
بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی گەلاوێژ، حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە، باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە، لە شەهیدانی شۆڕشی "ژینا"، بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پیرانشار کران و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لێپرسینەوەیان لێ کرا.
هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی دەرئوفتادە کردووە کە لە ساڵوەگەڕی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە "بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکان" و "چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان"، خۆیان ببوێرن.
حەسەن دەرئوفتادە، باوکی کۆمار دەرئوفتادە بەهۆی قسەکردن و داواکردنی مافی منداڵەکەی، تاکوو ئێستا چەندین جار بانگ و دەسبەسەر کراوە و ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ، هێزە سەرکوتکەرەکان بە بانگکردن، هەڕەشە و گوشار بۆ سەر بنەماڵەی دەرئوفتادە پێشیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی لەدایکبوونی کۆمار گرت. 
هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕۆژی لەدایکبوونی کۆماردا، لە ڕێگادا و لە کاتی ڕۆیشتن بۆ سەر گڵکۆی کۆمار، بە وەرگرتنی کەیک و باقیی کەلوپەلەکان، پێشیان بە چوونی بنەماڵەی کۆمار بۆ سەر مەزار گرت و بنەماڵەی دەرئوفتادەیان ناچار بە گەڕانەوە بۆ ماڵ کرد.
ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢، هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی کۆمار دەرئوفتادە، ناوبراو ئەگەر بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکان نەکوژرابایە  تەمەنی دەبوو بە ١٧ ساڵ.
کۆمار دەرئوفتادە شەوی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان و بە فیشەکی ساچمەیی لە مەودای نزیکەوە شەهید کرا.