کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە وڵاتی نۆروێژ

10:10 - 31 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات و نوێنەری حیزبە سیاسییەکان و کوردانی دانیشتووی وڵاتی نۆروێژ، ڕێوڕەسمێک بۆ یادی ٧٨ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێ کرد و لەلایەن بەیان مێهفەر، پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکەوە، بەخێرهاتنی میوانەکان و نوێنەری پارتە سیاسیەکانی نۆروێژ کرا.
دواتر ئیدریس هەمزەیی، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی گشتی، پەیامی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی نۆروێژی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد کە لە بەشێک لە پەیامەکەدا، ئاوڕێکی لە تێکۆشانی پڕ هەوراز و نشێوی حیزبی دێموکرات دایەوە کە وەک حیزبێکی نەتەوەیی بیری نەتەوەیی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا پەرەپێداوە و لە پێناو ئامانجەکانی تێدەکۆشێت.
پاشان قادر عەزیزبەیگی، پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی یەکیەتیی ژنان، یەکیەتیی لاوان، یەکیەتیی خوێندکاران، زیندانییانی سیاسی و کۆمەڵەی کولتووریی لە وڵاتی نۆرێژی پێشکەش کرد.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، "یۆرگن ویک ئۆردفۆرێر"، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی شارەوانیی "لیلسترۆم" لەسەر لیستی پارتی کرێکاران، وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد کە لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە پێوەندیی باشیان لەگەڵ کوردەکان هەیە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی کرێکارانی ئەو وڵاتە، هەر دوو لایەن، بۆ دەستەبەرکردنی دێموکراسی تێدەکۆشن.
لە بەشێکی دیکە لە ڕێوڕەسمەکەدا بە پێشکەشکردنی گوڵ لەلایەن سەید ڕەسووڵ سەید ئەحمەدی، بەرپرسی تەشکیلاتی گشتیی کۆمیتەوە، ڕێز لەو هاوڕێیانە گیرا کە لە ڕێوڕەسمەکانی حیزبیدا وەک هەیئەتی بەڕێوەبەریی بۆنە حیزبیەکان، کار دەکەن.
لە کۆتاییدا ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانیی هونەرمەندان بێهرووز لوتفی‌پوور، شێرکۆ مەریوانی و مێهران، ڕازێندایەوە.