کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی جێژنی شکۆداری ٢٥ی گەلاوێژ لە وڵاتی دانمارک

12:09 - 31 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی ھەتاوی، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی شیلەندی لە شاری ''ڕۆسکیلدە'' نزیک لە کۆپێنھاگی پێتەختی وڵاتی دانمارک، جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ یادی ٧٨ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

لە سەرەتادا لەلایەن پێشکەشکاران، سومەیە دەروێشی و سیروان شەڵماشی، بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی دانمارک بەخێرھاتنی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و نوێنەری ھێزو لایەنە سیاسییەکان و کوردانی تاراوگە لەم وڵاتە کرا و مەبەستی جێژنی پڕ شکۆی ئەمساڵیان بۆ بەشداربووان خستە ڕوو.

 ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک لەلایەن حەتەم جھانگیری، بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی شیلەند، پێشکەش کرا کە لە بەشێک لە پەیامەکەدا باس لەوە کرا کە نەوەکانی دامەزرێنەرانی ژ.ک و حیزبی دێموکرات هەنووکە بە سووربوون لەسەر ئامانج و ئاواتی ئەم دیاردە مودێڕنە لە ژیانی سیاسیی کورددا، نەک هەر لە ڕۆژهەڵات بەڵکوو شۆڕشێکی سەردەمیانە و پێشکەوتنخوازانەتریشیان هەڵگیرساندووە، کە خەوی لە چاوی دەسەڵاتدارانی تاران و تەنانەت تاقم و لایەنە پاشڤەڕۆخوازەکانی ناوچەکەش تاراندووە. شۆڕشێک کە وێژەمانی و دیسکۆرسەکەی دنیای پێشکەوتووشی بە هەموو چین و توێژەکانەوە هێنایە دەنگ و مەعریفەی ڕاستەقینە و دروستی کوردی سەبارەت بە ژن و ژیان و ئازادی بە دنیا ناساند.

پاشان بەم بۆنەوە فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر ٧٨ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا.

پاشان لەلایەن "شاناز کاکە ئازەر'' پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان، خوێندکاران و ژنانی دێموکرات خوێندرایەوە.

دواتر کۆمەڵێک پەیام و برووسکە لەلایەن ھێز و لایەنە سیاسییەکانەوە بەبۆنەی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژەوە لەلایەن پێشکەشکارانی ڕێوڕەسمەکە خوێندرانەوە.

شایانی باسە ڕێورەسمەکە بە بەشداریی ھونەرمەندان نەجمەدین غوڵامی، شۆڕش بۆکانی، حەمید عوسمان و موزیکژەنان گۆران ئیبراھیم خەیات، حەمید ڕەسوڵی تا درەنگانی شەو بە شایی و ھەڵپەرکێ درێژەی کێشا.