کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگاو: لە ماوەی حەوتوویەکدا، ٣٥ کەس لە کوردستان دەسبەسەر کراون

09:53 - 1 خەرمانان 2723

لە درێژەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەیان هاووڵاتیی کورد لە حەوتوویەکدا دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵێک کە "هەنگاو" ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٣١ی گەلاوێژ بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی کەمتر لە مانگێک پێش لە ساڵیادی دەستپێکی شۆڕشی ژینا (یەک مانگی ڕابردوو)، گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ سەر خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازەکان بە بانگکردن و هەڕەشەکردن، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هەروەها لە حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٣٥ چالاکی کورد و ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازەکانی کوردستان دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئاماری "هەنگاو"، لە ماوەی یەک حەوتوودا واتە لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی گەلاوێژ تاکوو سێشەممە ٣١ی گەلاوێژ، لانیکەم ٣٥ هاووڵاتیی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون. 

هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوودا دەسبەسەر کرابوون، چالاکانی مەدەنی، ژینگەپارێز و بنەماڵەی دادخوازەکان لەلایەن ناوەند و هێزەکقنی ڕێژیمەوە بانگ کراون و هەڕەشەیان لێ کراوە.