کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆڕاگری: لە مانگی گەلاوێژدا، ٩٦ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر کراون

10:38 - 1 خەرمانان 2723

"خۆڕاگری" ئاماری چالاکانی سیاسی و مەدەنیی دەسبەسەرکراو و حوکمدراوی لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی بڵاو کردەوە.

بەپێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١ی خەرمانان بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاویدا، ٩٦ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کراون و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.

بەپێی ئەو ئامارە، بەشێک لەو دەسبەسەرکراوانە ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکان و بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینان کە بەشێکیان دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە، بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها ١١ کەس لەو دەسبەسەرکراوانە ژنن و ٣ کەسیان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵە.

جێگای ئاماژەیە کە لە بەرەبەری ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ پرەنسیپێکی ئەخلاقی و مافی مرۆڤی، بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا و چالاکانی دیاری کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بانگی ناوەندە ئەمنییەکان دەکات و هەڕەشەی دەسبەسەرکردن و سزادانیان لێ دەکات. هەر بەو مەبەستەش دەستی بە ڕەشبگیریی هاووڵاتییان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی "خۆڕاگری"، لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاویدا، ١١ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و لێپرسینەوەیان لێ کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کەیسەکانیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای بەندکران و پێبژاردن و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزادراوانە لەسەریەک بە ٢٨ ساڵ و ٨ مانگ و ٢ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ٣٠ زەربە قامچی  و ٥٠ میلیون تمەن پێبژاردن سزا دراون. شایانی باسە کە ٤ کەس لەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە، ژنن.