کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیالۆگ لەگەڵ پەراوێزەکان

01:16 - 12 گەلاوێژ 2723

کەریم پەرویزی

ڕێگای زۆر هەیە بۆ ئەوەی بتوانی شتێک ببینی یان بڕیار بدەی و نەیبینی!

ڕەنگە بینینی شتەکان زۆر ئاسانتر بێ لە نەبینینیان، بەڵام هەندێ جار بەرژەوەندیی کەسەکان و هەندێ گرووپ لە نەبینیندایە!

لە ئێرانێکدا کە بە دەستی دیکتاتۆری دەسەڵاتی حاشاکەرەوە گیرۆدە بووە، ساڵانێکی دوور و درێژە کە گرووپی جیاواز خەبات دەکەن بۆ ئەوەی لەم سیستمە تێپەڕن یان لانیکەم گرووپی دیکە و خەڵکی دیکە بێننە سەر کار کە تایبەتمەندیی جیاواز لەمانەی ئێستایان هەبێ، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە تا ئێستا بێ‌ئاکام ماونەتەوە.

بێ‌ئاکام‌مانەوەی خەبات و تێکۆشان بۆ تێپەڕین لەم ڕێژیمە بەو مانایە نییە کە هیچ نەکراوە و هیچ دەسکەوتێک نەبووە، بەڵکوو لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا زۆر کەلێن و قوژبن بە ڕێژیم چۆڵ کراوە و سیستمی دەسەڵاتدار لە زۆر بواردا پاشەکشەی کردووە و گەورەترین دەسکەوت ئەوە بووە کە ئیدئۆلۆژیی ئەم ڕێژیمە بەتەواوی داڕزیوە و چیدی وەڵامی بۆ بەسیجیەکانیشی پێ نییە. کاتێک کە هەر ڕۆژە و لە گۆشەیەکی ئەم وڵاتە بەرپرسانی ڕێژیم فیلمی گەندەڵیی ئەخلاقییان لێ بڵاو دەبێتەوە ئیدی تەنانەت توندڕەوترین بەسیجیەکانیش قڕوقپ دەکەن و دەزانن کە ئیدئۆلۆژییەکەیان ڕزیوە و بۆگەنی ناوچەی گرتۆتەوە.

پرسیاری گەورە ئەوەیە کە بۆچی تا ئێستا نەتوانراوە ئەم ڕێژیمە ڕزیوە وەلا بنرێ و دەسەڵاتێکی دیکە لەجێی دابنرێ؟

هۆکاری بێ‌ئاکام‌مانەوەی خەبات و تێکۆشان لە ئاستی هەموو ئێراندا ڕەنگە تاک ڕەهەندی نەبێ و چەند فاکتەری سەرەکی کاریگەرییان هەبێ، بەڵام گرنگترین فاکتەر بریتییە لە دروست پێناسەنەکردنی کێشە و پرسی سەرەکیی جوغرافیای ئێران و نەبینینی ڕاستیی کۆمەڵگا.

کاتێک ڕێژیمێکی سیاسی لەسەر کارە و دەسەڵاتی هەیە، دژبەرەکەی هەرچەند لە باری سیاسی و ئیدئۆلۆژیکەوە ڕەنگە بەتەواوی پێچەوانەی ئەو ڕێژیمە بیر بکاتەوە، بەڵام ئەگەری زۆرە کە لەژێر کاریگەریی نۆرم و هێژموونیی ئەو ڕێژیمەدا هەندێ دەستەواژەی سەرەکی دووپات بکاتەوە و ببێتە سەرچاوەی بیرکردنەوەی کە لە هەمان ڕێژیمی وەرگرتووە و ناتوانێ هەقیقەت ببینێ!

گەر زۆر دوور نەڕۆین هەر لەم ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمیتەیەک بە ناوی کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ مافی ژیان، بەقەول پەیماننامەیەکی بڵاو کردەوە کە لە یەکەم نیگادا زۆر جوان دێتە بەر چاو کە گرووپە سیاسییە جیاوازەکان پێبەند بەوە بن کە لە ئێستە و داهاتوودا مافی ژیانی خەڵک و تاک پێشێل نەکەن. بەڵام هەندێ قووڵبوونەوە لە بەناو پەیماننامەکە هەندێ لە سیماکانی گرفتە سەرەکییەک لە ئێراندا نیشانمان دەدا:

یەکەم:  لە ڕاگەیەندراوی ئەو کۆمیتەی بەدواداچوونەدا هاتووە کە ئەو گرووپانەی ئیمزایان کردووە لەسەر هەندێ دەستەواژە جیاوازییان هەبوو و ئێمە چونکە خۆ لە "کێشەی ناوەند- پەراوێز" نادەین، ئەو دەقە جیاوازانە وەک خۆیان دێنین!

جارێ هەر لە سەرەتای ئەم ڕستەیەدا پرسیار دەخولقێ و دڵنیابوون لە بڕوا بە مافە پێناسەکراوەکانیش دەچێتە ژێر پرسیار!

بۆچی ئەو کۆمیتەیە خۆی لە کێشەی باسکراو دوور دەگرێ؟ مەگەر هەر چالاکێکی مافی مرۆڤی نابێ بڕوای ڕەهای بە مافەکانی مرۆڤ هەبێ و مەسڵەحەتسەنجی نەکا و گەر کێشەیەک هەیە لایەنی هەقیقەت بگرێ؟ ئەی ئەوان بۆ لایەنگریی هەقیقەت ناکەن و خۆیان دوورەپەرێز دەگرن؟ پرسی دیکە و سەرەکی لەم ڕستەیشدا ئەوەیە کە بۆچی ئەوان کێشەکە بە ناوەند- پەراوێز پێناسە دەکەن؟ کێ ئەو مافەی پێداون کە لایەنێک بە ناوەند بناسێنن و لایەنی دیکە بە پەراوێز؟ باشتر نەبوو بڵێن کێشەی نێوان مافخوراوەکان و پشتیوانانی پێشێلکەرانی ماف!؟

دووهەم: پەیماننامەی جیهانی هەیە بۆ مافەکانی مرۆڤ و دەیان ساڵە هەموو جیهان کاری لەسەر کردووە و جوانتر و ڕێکوپێکتر لە هەموو دەقێکی ناوچەیی، ئەو ڕاگەیەندراوە جیهانییانە باسیان لە مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەکان کردووە. بۆچی ناڵێن هەموو گرووپەکان پێبەندی ئەو پەیماننامانە بن و هەموو پەیماننامە جیهانییەکانیان قبووڵ بێ؟! بۆچی پەیماننامەیەکی کورتکراوە و سەروگوێ بڕاو دێنن کە گرنگترین مافەکانی نەتەوەکان و مافەکانی تاکیش دەسڕێتەوە؟

سێهەم: لەنێو ئەو کەسانەی کە بەقەول ئیمزایان کردووە، گرووپی وا هەیە کە بەنیسبەت مافی مرۆڤ و مافی نەتەوە ستەملێکراوەکان لە ئێراندا جیاوازییەکی لەگەڵ ڕێژیمی دەسەڵاتدار نییە و هەر هەمان ئەدەبیاتی ڕێژیمی ئێستا بەنیسبەت نەتەوە ستەملێکراوەکان یان بەقەولی کۆمیتەی بەدواداچوونەکە، "پەراوێزەکان!" بەکار دەبا و پێی وایە کە نەتەوەی جیاواز بوونی نییە لە ئێراندا و ئەوەی هەیە هەندێ خێڵ و عەشیرەن! ئەم گرووپە تەنانەت ئەم چەند خاڵە کورتکراوەی وردە مافانەشیان قبووڵ نییە و بە دەسکارییەوە بڵاویان کردوەتەوە !

لەکاتێکدا کە دەسەڵاتی حاشالێکەر بۆتە هۆی ماڵوێرانی لە ئێراندا و هەم نەتەوە ستەملێکراوەکانی کوشتار کردووە و تاوانی دژی مرۆڤایەتیی بە دژیان ئەنجام داوە و هەم بە بیانووی دابینکردنی یەکپارچەیی سەرزەوینی و دۆخی ئەمنییەتییەوە! ستەمی سیاسیشی دژ بە نەتەوەی فارس پەردەپۆش و پاساودراو کردووە، گرووپی بەناو ئۆپۆزیسیۆنیش هەیە کە لەژێر هەمان هێژموونیی کۆماری ئیسلامیدا نەتەوەکان بە جوداییخوازی تۆمەتبار! دەکا و دژی مافە بنەرەتییەکانیانە!

پەیمان ئیمزاکردن لەگەڵ وەها گرووپگەلێکدا ئیمکانی نییە چونکە بۆ پەیماننامە و هاوکاری پێویست بە دیالۆگە و دیالۆگیش لە بۆشاییدا دەست پێ ناکا و جێبەجێ نابێ بەڵکوو دیالۆگ لە بەفەرمی ناسینی ناسنامە و مافی بەرامبەرەوە دەست پێ دەکا. گرووپێک کە بە فەرمیت ناناسێ و ناسنامەی نەتەوەیی چەواشە دەکا و وەکوو خێڵ دەتبینێ، زۆر ڕوونە کە لەگەڵت دیالۆگ ناکا بەڵکوو لە هەر کۆبوونەوەیکەدا هەوڵ دەدا کە نەسیحەتت بکا کە نەبیتە داردەستی دوژمنانی وەهمی و بێیتە سەر ڕێگای ڕاستی ناوەندپەسند! واتە خۆت وەکوو بوونەوەرێکی بێ ناسنامە بناسێنە کە تەنانەت فارسیش نیت تاکوو مافی تەواوت پێ بدرێ بەڵکوو دەبێ لە قۆناخێکی پێشترەوە دەست پێ بکەی و هەوڵ بدەی زمانی نەتەوەی دەسەڵاتدار فێر ببی تا دواتر وەکو مرۆڤ قبووڵ بکرێی!

ئەوەی بە کورتی باس کرا، ئاوڕدانەوەی خێرا بە بیانووی ئەم پەیماننامە کورتکراوەی ئەم ڕۆژانە بوو بۆوەی وەبیر بێنینەوە کە پرسی سەرەکی لە ئێراندا بریتییە لە بەڕەسمی ناسینی ناسنامەی یەکدی و دواتر لەسەر مێزی وتووێژی هاوتا دانیشتن تاکوو بۆ داهاتوویەکی هاوتا و سیستمی دابینکەری مافی هاوتامان قسە بکەین و هاوکاری بکەین.

دیالۆگ بەو شێوە نایەتە ئاراوە کە هەوڵ بدەین ئەوەی هەیە نەیبینن و ڕاستییەکان بە شێوەی دیکە پێناسە بکەن و جا لە سەر ئەساسی پێناسەی دەسکرد، سیستمی دیکە دابڕێژن. خۆ ئەم جۆرە کارە سەد ساڵە پێڕەوی دەکەن و ئێرانی گەیاندووەتە ئەم شوێنەی کە هەیە! پێویستە جۆرێکی دیکە ببینن!

 

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین