کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە؛ ئەندامێکی ئەنجومەنی نۆژین، بە زیندان و لێدانی قامچی مەحکووم کرا

10:19 - 2 خەرمانان 2723

سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و چالاکی مەدەنیی خەڵکی کامێران، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری و لێدانی ٤٠ زەربە قامچی سزا درا.

بەپێی هەواڵی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی نۆژینی سنە، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەریی ڕێژیم لە سنە، ساڵێک زیندانی تەعزیری، دوورخرانەوە بۆ زیندانی دیزڵاوای کرماشان و لێدانی ٤٠ زەربە قامچیی بەسەردا سەپێندرا.

سەیوان ئیبراهیمی لەلایەن دادگاوە بە "تێکدانی نەزمی گشتی" تۆمەتبار کراوە و ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژ، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی لە لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەریی ڕێژیم لە سنە بەڕێوە چووە.

دۆسییەیەکی دیکە بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕژیم لە سنە بۆ سەیوان ئیبراهیمی کراوەتەوە و ڕۆژی ٦ی خەرمانان، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بەم تۆمەتە بەڕێوە دەچێت.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١، سەیوان ئیبراهیمی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندان ئازاد کرا.

سەیوان ئیبراهیمی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

سەیوان ئیبراهیمی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.