کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، لانیکەم ١٣١ هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر کراون

10:28 - 12 گەلاوێژ 2723

لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٣دا، لانیکەم ٢٢٥ هاووڵاتی لەلایەن هێزەکانی ڕیژیمەوە لە سەرانسەری ئێران دەسبەسەر کراون کە ١٣١ کەس لەوانە، هاووڵاتیی کورد بوون.

بەپێی ئاماری "هەنگاو"، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٣دا، لانیکەم ٢٢٥ هاووڵاتی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە سەرانسەری ئێران دەسبەسەر کراون. ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشووتر کە ١٦٨ هاووڵاتی دەسبەسەر کرابوون، ٥٧ حاڵەت کە دەکاتە ٣٤ لەسەد، زیادی کردووە.

بەپێی ئەم ئامارە، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٣دا، لانیکەم ١٣١ هاووڵاتیی کورد کە دەکاتە ٥٨ لەسەدی کۆی دەسبەسەرکراوانی ئێران، ١٩ بەلووچ، هەروەها ٢٩ ژن و ٧ منداڵ و ١١ هاووڵاتیی بەهایی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

هەروەها لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٣دا، لانیکەم ١٣١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی ژوئەن، ٥٤ حاڵەت واتە ٧٠ لەسەد زیادی کردووە و دەکاتە ٥٨ لەسەدی کۆی گشتیی دەسبەسەرکراوانی مانگی ڕابردوو لە سەرانسەری ئێراندا.

لەلایەکی ترەوە، لانیکەم ١٩ هاووڵاتیی بەلووچ کە دەکاتە ٨.٥ لەسەدی سەرجەم دەسبەسەرکراوەکان، ٩ هاووڵاتیی تورک کە دەکاتە ٤ لەسەدی هەموو دەسبەسەرکراوان و ٧ هاووڵاتیی لوڕ و بەختیاری، هەروەها ٧ هاووڵاتیی گیلەک و مازنی کە دەکاتە ٦ لەسەدی سەرجەم دەسبەسەرکراوەکان لە سەرانسەری ئێراندا دەسبەسەر کراون.

شایانی باسە کە دەسبەسەرکردنی پەیڕەوانی کەمینە ئایینییەکان لە مانگی جولایدا وەک مانگەکانی پێشووتر لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بەردەوام بووە و لە ماوەی ئەو مانگەشدا لانیکەم ١٦ چالاکی ئایینی دەسبەسەر کراون کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی ژوئەندا، ١١ حاڵەت واتە ٢٢ لەسەد زیادی کردووە.

هەروەها لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا، لانیکەم ٨ ڕۆژنامەنووس و چالاکی ڕاگەیاندن و ٧ هونەرمەند و ئەکتەر لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.