کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگکردنی باوکی زانیار ئەبووبەکری لە شەهیدانی ڕاپەڕین بۆ ئیدارەی ئیتلاعات

09:38 - 4 خەرمانان 2723

عەبدوڵڵا ئەبووبەکری، باوکی زانیار ئەبووبەکری لە شەهیدانی شۆڕشی "ژینا"، بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەهاباد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خەرمانان، عەبدوڵڵا ئەبووبەکری، باوکی زانیار ئەبووبەکری لە شەهیدانی شۆڕشی "ژینا"، بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەهاباد کرا و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کرا. 
ناوبراو لە ڕێگەی پێوەندیی تەلەفۆنییەوە بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەهاباد کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لێ کردووە کە لە بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا خۆی ببوێرێت.
عەبدوڵلا ئەبووبەکری، پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو، ئازاد کراوە.
ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، زانیار ئەبووبەکری، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی مەهاباد، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی پاش بەخاکسپاردنی تەرمی ئیسماعیل مەولوودی لە شەهیدانی ڕاپەڕین لە مەهاباد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا. پزیشکی دادوەری، هۆکاری گیانلەدەستدانی زانیاری ئەبووبەکریی بەرکەوتنی فیشەکی جەنگی ڕاگەیاندبوو.