کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی، مامۆستا و خوێندکارانی سەقز، سەبارەت بە بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی سامان پاشایی

09:57 - 5 خەرمانان 2723

کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی، خوێندکار و مامۆستایانی سەقز، سەبارەت بە بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی سامان پاشایی، مامۆستای زانکۆ و پاڵەوانی پێشووی زۆرانبازی، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.
چالاکانی فەرهەنگی، مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆی شاری سەقز سەرەڕای ناڕەزایەتی دەربڕینیان بەرامبەر بە بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی سامان پاشایی لە بەیاننامەیەکدا داوایان کردووە کە هەموو مافە یاساییەکانی ناوبراو دەستەبەر بکرێت.
لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا، جەخت لەسەر ناڕوونیی چارەنووسی سامان پاشایی لە دوای دوو مانگ دەسبەسەرکرانییەوە کراوە وهۆکاری دەسبەسەرکرانی ناوبراو بە "کارێکی کەلەڕەقانە و لە بەرانبەر کار و چالاکیی هەندێک لە ئەندامانی بنەماڵەی سامان پاشایی لە دەرەوەی وڵات" باس کراوە.
لە درێژەدا واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە نووسیویانە: "دەسبەسەرکرانی سامان پاشایی هەوڵێکە لە ڕاستای هەڵسپاردن و دوورخستنەوەی ناوبراو لە وانەبێژی و ئەمەش یەکێک لە دەرەنجامەکانی نادادوەرانەی ئەم سیناریۆیەیە. ئەگەر هەتا ئێستا بەڵگەیەک هەبوایەت، دەبوو دوای دوو مانگ ئاشکرا بکرێت."
ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕ، سامان پاشایی لە کاتی گەڕانەوەی لە شاری سنەوە بۆ سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا. ئەم هێزانە دواتر هەڵیانکووتایە سەر ماڵی سامان پاشایی و سەرەڕای پشکنین، دەستیان بەسەر کۆمەڵێک لە کەلوپەلی تاکەکەسیی ناوبراودا گرتبوو.