کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ سیمینارێکی سیاسیی لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دوکتور سمایل بازیار ڕێک خست.
ڕۆژی شەممە ٤ی خەرمانانی ۱٤۰۲ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ، سیمینارێکی سیاسیی لەژێر ناوی "دۆخی سیاسی ـ کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوو قۆناغی جیاوازدا" (خوێندنەوەیەکی بەراوردکاری) بۆ دوکتور سمایل بازیار، کادری دێرینی حیزبی دێموکرات و مامۆستای زانکۆ، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات، پێک هێنا.
دوکتور بازیار باسەکەی بەسەر هەشت تەوەردا دابەش کردبوو کە بریتی بوون لە: "دابەشبوونی دانیشتووان بەسەر شار و گوند، ئاستی خوێندەواری و وشیاریی سیاسیی کۆمەڵانی خەڵک، ڕۆڵی ژنان، کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕەوتی چەپ، ئیسلامی سیاسی، ناسیۆنالیزم لە پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان."
بازیار لە ڕەوتی سیمینارەکەدا تیشکی خستە سەر هەرکام لەو مژارانە لە دوو قۆناغی جیاوازی کوردستاندا و بەپێی ئامار و داتا ئاماژەی بە جیاوازی و ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسی ـ کۆمەڵایەتییانە کرد کە لە داهاتوودا بەرەو ڕوومان دەبنەوە و جەختی کردەوە: "دەبێ هێزە سیاسییەکان و یەک لەوان حیزبی دێموکرات لە ئێستاوە خوێندنەوە و بەرچاوڕوونییان بۆ ئەو بابەتانە هەبێت و ڕێکاری گونجاو بۆ سیاسەتکردن لەسەر ئەو دۆخە بگرنەبەر."
لە دوابەشی سیمینارەکەدا بەشداربووان پرسیار و تێبینییەکانیان خستەڕوو کە لەلایەن بەڕێز سمایل بازیارەوە وڵامی پێویست درایەوە.