کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

09:48 - 6 خەرمانان 2723

محەممەد شەریفی، مامۆستای ئایینیی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، مامۆستا محەممەد شەریفی، مامۆستای ئایینیی تەمەن ٣٧ ساڵی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مامۆستا محەممەد شەریفی و بە شێوەیەکی دڕندانە شووشە و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندووە و دوای بێڕێزیکردن و دروستکردنی کەشێکی تۆقێنەر، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

شایانی باسە کە چەکدارانی کۆماری ئیسلامی پاش پشکنینی ماڵی ئەو مامۆستا ئایینییە، دەستیان بەسەر لەبتاب و مۆبایی خۆی و هاوسەرەکەیدا گرتووە.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و باردوخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.