کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ممنوع‌الخروج"کرانی بنەماڵەی ئازاد حوسێن‌پووری، لە شەهیدانی ڕاپەڕین لە مەهاباد

10:40 - 6 خەرمانان 2723

شەهرووز حوسێن‌پووری، برای ئازاد حوسێن‌پووری لە شەهیدانی ڕاپەڕین، لەگەڵ خوشکەکانی ئیزنی چوونەدەرەوە لە وڵاتیان نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خەرمانان، شەهرووز حوسێن‌پووری، برای ئازاد حوسێن‌پووری لە شەهیدانی ڕاپەڕین، بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەهاباد کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان پێیان ڕاگەیاندووە کە خۆی و خوشکەکانی ئیزنی چوونەدەرەوە لە وڵاتیان نییە.

هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە شەهرووزیان ڕاگەیاندووە کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا پاسپۆرت و مۆبایلی ئەندامانی بنەماڵەکەی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد بکات و لە ئەگەری چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەتوندی ڕووبەڕووی خۆی و خوشکەکانی دەبنەوە.

شەهرووز حوسێن‌پووری پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەهاباد، ئازاد کراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، شیرین، فەریبا، شیما و شەهرووز حوسێن‌پووری و ڕەحمان ئیسماعیلی لە ئەندامانی بنەماڵەی ئازاد حوسێن‌پووری لە شەهیدانی ڕاپەڕین، بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد کران و لێپرسینەوەیان لێ کرا.

سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، دەستوپێوەندییەکانی حکوومەت، لە کردەوەیەکی تێکدەرانەدا، وشەی "شەهید"یان لەسەر کێلی گڵکۆی ئازاد حوسێن‌پووری سڕییەوە.

شەوی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئازاد حوسێن‌پووری، پزیشکی ددان و خۆپیشاندەری دانیشتووی مەهاباد، لە ڕەوتی ڕاپەڕیندا و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا.