کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێکی سیاسی بۆ دوکتور کوێستان گادانی لە وڵاتی سویس

11:39 - 6 خەرمانان 2723

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانان، لە شاری بێرن لە وڵاتی سویس سیمینارێکی سیاسی بە بەشداریی ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزب و نوێنەرایەتیی هێز و لایەنە کوردستانی و ئێرانییەکان، بەبۆنەی ٧٨ـەمین سالیادی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و یەکەم ساڵی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزب لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو.

کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان ڕاسان نەجمی، بەڕێوەبەری بەرنامە، وێڕای بەخێرهێنانی بەشداربووان، ڕیزبەندی بەرنامەکەی خوێندەوە.

لە دەستپێکی بەرنامەکەدا، پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سویس لەلایەن زاهیر قادرحاجی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەو وڵاتە پێشکەش کرا.

دواتر دوکتور کوێستان گادانی، بەرپرسی هەیئەتی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، باسێکی لەسەر ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و یەکەم ساڵی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزب پێشکەش کرد و وتی: ''حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەری و ڕزگاریی نەتەویی و هزری نەتەویی دامەزراوە."

هەروەها لەسەر یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکرات وتی: ''حیزبی دێموکرات دوای ١٦ ساڵ لێکدابڕان یەکی گرتەوە و وەک دەڵێن هێز لە یەکگرتووییدایە و دیتمان کە ئەو یەکگرتنەوە چۆن لەلای خەڵکەوە پێشوازیی لێ کرا و ئەو وزە و پۆتانسییەلە کە دابەشی سەر دوو تەشکیلات ببوو، یەکی گرتەوە و لە  دەستپێکی شۆڕشی ژینا یەکگرتنەوەی ئەو حیزبە کاریگەرییەکانی بۆ هەمووان دەرکەوت.''

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئاماژەی بە ڕۆڵ و هەوڵەکانی حیزبی دێموکرات لە یەک ساڵی ڕابردوو لە پێوەندی لەگەڵ سازدانی هاوپەیمانی و یەکخستن و لە دەوری یەک کۆکردنەوەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی دا بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی گشتگیر و گشتی لە ئاستی ئێران.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکە چەند پارچە هۆنراوەیەک لەلایەن هەر یەک لە بەڕێزان عەلی سوورچۆمی، ئاکۆ ئەلیاسی و ڕەحمان ئیبراهیمزادەوە پێشکەش کران.

بەرنامەکە بە پرسیار، ڕەخنە و پێشنیاری بەشداربووان و وڵامدانەوەیان لەلایەن د. کوێستان گادانی کۆتایی پێ هات.

شایانی باسە کە لەو سیمینارەدا دەستەگوڵێک لەلایەن شاندی باڵای ڕێکخراوی موجاهایدنی خەلقی ئێران بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی ئەو حیزبە، پێشکەش بە حیزبی دێموکرات کرا.