کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ٢٥ی گەلاوێژ و یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان

11:50 - 7 خەرمانان 2723

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە یادکردنەوەی ٧٨ـەمین ساڵڕۆژی دامەزران و یەکەمین ساڵوەگەڕی یەکگرتنەوەی حیزبی ڕێک خست. 

ڕۆژی شەمە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، ڕێوڕەسمێكی بەشكۆ بەبۆنەی ٧٨ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزب و یەكگرتنەوەی حیزب، لە شاری فڕانكفۆرت بەڕێوە چوو.

پێشكەشكارانی ڕێوڕەسمەكە، چەنگیز سیگارچی و سەیران سولەیمانی، بەخێرهاتنی بەشداربووانیان کرد و لەلایەن گرووپی مۆسیقای كۆمیتەی ئاڵمانەوە، سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب خوێندرایەوە و ڕێوڕەسمەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ شەهیدانی ڕێی ئازادیی كوردستان دەستی پێ کرد.

لە درێژە دا، داوا لە ڕەشید ڕەحمانی، بەرپرسی كۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان كرا كە پەیامی كۆمیتە پێشكەش بە بەشداربووان بكات.

پاشان پەیامی یەكیەتیی ژنان، یەكیەتیی لاوان و یەكیەتیی خوێندكاران لەلایەن فەرزانە ڕەزەوی خوێندرایەوە.

لە نێوئاخنی ئەم ڕێوڕەسمەدا، سروودی "بژی دێموكرات" لەلایەن هونەرمەند خەبات مودەڕسی پێشكەش بە بەشداربووان كرا.

بەشی كۆتایی ڕێوڕەسمەكە تەرخان كرابوو بۆ هونەرمەندان "دیجلە ڕۆژهەڵاتی، ڕاڤا سەرووتی و محەممەد تاهوو" كە بە گۆرانی ڕێوڕەسمەیان كۆتایی پێ هێنا.

شایانی باسە کە لەم ڕێوڕەسمەدا، پەیام و تاجەگوڵینەی پیرۆزبایی چەندین لایەن و ڕێکخراوی کوردستانی و ئێرانی پێشكەش بە كۆمیتەی ئاڵمان كرا.