کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش ئاگادارییەکی بۆ خۆپیشاندان بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' بڵاو کردەوە.
کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش ڕایگەیاندووە، بەبۆنەی یادی یەکساڵەی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی بە دەست جەلادانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرەتای شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی''، ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان، بەرابەر لەگەڵ ١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٣ی زاینی، خۆپیشاندانێک لە شاری ڤییەن بەڕێوە دەبات.
لەو ئاگادارییەدا هاتووە: ''داوا لە هەموو هاووڵاتییانی کورد دەکەین کە بۆ پاڵپشتی لە شۆڕشی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرزڕاگرتنی یادی سەدان لاوی شەهیدی نیشتمان سەرەڕای بەشداریی خۆتان، دۆست و ئاشنایانی خۆتانیش ئاگادار بکەنەوە.''
کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئوتریش ڕایگەیاندووە کە بەشداریکردن لەو خۆپیشاندانەدا لەلایەن هاووڵاتییانی کوردی نیشتەجێ لەو وڵاتە دەربڕینی هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی نیشتمانە، پاڵپشتی لە زیندانییانی سیاسی و هەروەها پاڵپشتی بۆ شۆڕشی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
کات: ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦.٩.٢٠٢٣ لە کاتژمێر ١٦ هەتا ١٨
شوێن: Stephansplatz 7 A , 1010 Wien
Vor der Bank Austria neben Stephansdom