کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە ئەمریکا بەڕێوە چوو

09:44 - 8 خەرمانان 2723

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٥ی خەرمانان، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٨ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، بە بەشداریی وتەبیژی حیزبی دێموکرات ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی لە ویلایەتی "ڤێرجینیا" بەڕێوە برد کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوردستانییانی هەر چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشدار بوون.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان عوسمان پاڵانی، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، ڕیزبەندی بەرنامەکەی خوێندەوە.

دواتر "ڕەحیم ڕەشیدی"، بەرپرسی پێوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی حیزب لە ئەمریکا، بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، قسەی کرد و وێڕای پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە، هاوکات باسی لە هەلومەرجی کوردستان و ئێران پاش شۆڕشی ژینا کرد و لەم پێوەندییەدا بە بیری هێنایەوە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە وتنەوەی دروشمی "قاسموو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە" قسەی خۆیان کردووە.

ڕەشیدی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و لەم بەستێنەدا وتی کە دەنگی زوڵالی خەباتگێڕانی ژن، ژیان، ئازادی لە دڕۆن و مووشەکی کۆماری ئیسلامی بەهێزترە و ئەوە کۆماری ئیسلامییە لەم بارەوە وەلەرزە کەوتووە و بە تێرۆر و ڕەشەکوژی کۆی ناوچەکەی ناسەقامگیر کردووە.

دواتر ڕەشیدی داوای لە کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزب کرد لەسەر دوایین هەلومەرجی سیاسیی کوردستان، ئێران و ناوچەکە ئەو بەرنامە سیاسییەی کە حیزبی دێموکرات بۆ پێکهێنانی ئاڵترناتیڤ لە ئێران ئامادەی کردووە، وتەکانی پێشکەش بکات.

دواتر کاک خالید عەزیزی وێڕای دەربڕینی پیرۆزبایی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ، باسی لە کاریگەریی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات لەسەر خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد و داوای لە ئەندامانی حیزب کرد بۆ هەرچی قوڵتربوونەوەی گیانی تەبایی و یەکڕیزی تێبکۆشن.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لەوە کرد کە پێویستە لەگەڵ ئێرانییە ئازادیخوازەکان و ئەوانەی باوەڕیان بە دێموکراسی و دابینکردنی مافی نەتەوەکان هەیە، تێبکۆشین کە لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش ڕێک بکەوین.

هەروەها وتەبێژی حیزب هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ ئەو هەلومەرجە گەڕاندەوە کە خەڵکی ئێران و کوردستان و لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینادا خۆیان بۆ دەورێکی دیکە لە خەبات و تێکۆشان ئامادە دەکەن.

کاک خالید عەزیزی ئاماژەی بەوەش کرد کە حیزبی دێموکرات وەکوو هەمیشە بەرپرسانە لەگەڵ دۆخی هەرێمی کوردستان دەجووڵێتەوە و هیچکات لە هەرێمی کوردستان وەکوو پشتی جبهە کەڵکی وەرنەگرتووە و ئەوەشیان بە هەموو لایەک ڕاگەیاندووە.

لەو ڕێوڕەسمەدا مەحبووبە حوسێنی و خالید خورینجی، بە خوێندنەوەی شێعر و هۆنراوە بەشداری بەرنامەکەیان کرد.

لە کۆتاییدا هونەرمەند فایەق عەبدوڵڵاهی چەند سروودی شۆڕشگێڕیی پێشکەش کرد.

شایانی باسە کە لەم ڕێوڕەسمەدا، پەیامی پیرۆزبایی چەندین لایەن و ڕێکخراوی کوردستانی و ئێرانی پێشكەش بە كۆمیتەی حیزب لە ئەمریکا كرا.