کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر پێنج دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینادا

11:00 - 8 خەرمانان 2723

پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی مەهاباد و ورمێ، کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون، سەرجەم سزای ٥٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: یاسین مستەفاپوور، سەلاح مووسەویڕاد، ئیرەج ئیبراهیمزادە و بێهنام ڕاسخنیا، چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد و ڕەحیم شەمعی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری ورمێ، کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە، سەرجەم سزای ٥٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٤ زەربە قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو سزایانەی بە تۆمەتی تێکشکاندن و لەناوبردنی کەرەستە و سامانە گشتییەکان، دروستکردنی جۆرەکانی تەقەمەنی، یاخیگەری بەرانبەر بە چەکدارانی ڕێژیم، تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی، بە سەر ئەو پێنج هاووڵاتییەدا سەپاندووە کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کراون و هەروەها دوو هێندەی نرخی کەرەستە شکاوەکان، سزای پێبژاردنی پارە و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپاندوون.