کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنج خۆپیشاندەر، بە زیندان و لێدانی قامچی و سزای نەختی سزا دران

09:57 - 9 خەرمانان 2723

٥ هاووڵاتیی خۆپیشاندەر لەلایەن دادگای ڕێژیم لە مەهاباد، بە زیندان، لێدانی قامچی و سزای نەختی، سزا دران.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خەرمانان، ٥ هاووڵاتیی خۆپیشاندەر بە ناوەکانی "ڕەحیم شەمعی، یاسین مستەفاپوور، سەلاح مووسەوی‌ڕاد، ئیرەج ئیبراهیم‌زادە و بێهنام راسخ‌نیا"، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی ڕێژیم لە مەهاباد، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەجاد دێهقان‌زادە"، بە زیندان، لێدانی قامچی و سزای نەختی، سزا دران.

بە پشتبەستن بە ماددەی ٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢، زیاترین سزا بۆ ئەم کەسانە جێبەجێ دەکرێت و ئەگەر سزای زۆرتر بە یەکێک لە هۆکارە یاساییەکان کەم بکرێتەوە یان بگۆڕدرێت یان جێبەجێ نەکرێت، بە ڕیز، زیاترین سزای دوای ئەوە جێبەجێ دەکرێت.

حوکمی دەرکراو دژی ڕەحیم شەمعی، ئیرەج ئیبراهیم‌زادە و بێهنام ڕاسخ‌نیا بە بوونی خۆیان بووە و حوکمی دەرکراو دژی یاسین مستەفاپوور و سەلاح مووسەوی‌ڕاد بەبێ بەشداریی خۆیان دەرکراوە.

ئەم ٥ هاووڵاتییە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتی- سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.