کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، "نازیلا مەعرووفیان"یان دەسبەسەر کردەوە

09:59 - 9 خەرمانان 2723

نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی سەقز، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە، دەسبەسەر کرایەوە.
بەپێی هەواڵی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خەرمانان، نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە، لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرایەوە. هێزە ئەمنییەتییەکان دەرکەی ماڵی ئەم ڕۆژنامەوانە کوردەیان شکاندووە و لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا لێیان داوە.
پاش سێ جار ڕەتکرانەوەی وەرگیرانی نازیلا مەعرووفیان لەلایەن زیندانی قەرچەکەوە، ناوبراو بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزراوە.
تەسنیم، هەواڵدەریی سەر بە سپای پاسداران لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە نازیلا بە حوکمی دادسەرای ئیرشاد (ئەمنییەتی ئەخلاقی) بە تۆمەتی "پەرەدان بە گرینگینەدان بە ڕێوشوێنی ئایینی"، دەسبەسەر کراوە. بەپێی ڕاپۆرتی ئەم هەواڵدەرییە حکوومەتییە، جلوبەرگی نازیلا لە شوێنی گشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ناوبراوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، نازیلا مەعرووفیان لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دوای ئازادیی کاتی، بەهۆی "بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی و لەبەرچاونەگرتنی حیجابی زۆرەملێ و بەرزکردنەوەی دەستی بە مانای سەرکەوتن"، دیسان دەسبەسەر کرایەوە و لەژێر گوشارەکانی دادستانی تاراندا، ڕوانەی زیندانی قەرچەکی وەرامین کرا و ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژ لە زیندانی قەرچەک ئازاد کرا.
ئەم ڕۆژنامەوانە کوردەی خەڵكی سەقز، یەکەمجار ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بەهۆی وتووێژ لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.