کەریم پەرویزی
وەک هەمیشە،
هیچ نەگۆڕاوە،
لەسەر هەمان هێڵی داڕزیوی هەردەمی،
سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی تاران درێژەی هەیە!
کاتێک لە گۆشەیەکەوە گوشارێکی توند بۆ سەر ڕێژیمی حاکم لە تاران دێ، بۆ دەربازکردنی خۆی لەو گێژاوە، پەنا دەباتە بەر هەڕەشە لە کوردستان! گوایە وڵات لە تەجزیەتەڵەبان ڕزگار دەکا!!
دۆخی ئابووریی ئێران لەژێر سێبەری وەیشوومەی سیاسەتە گەندەڵکاری و نەزانپەرستییەکانی ویلایەتی فەقیهیدا تا دێ وێرانتر دەبێ و وێڕای سەرکوت و توندوتیژی و چەندین مانگ هەڕەشە و گوڕەشە لە خەڵک، تا لە ساڵڕۆژی شەهیدکردنی ژینا نزیکتر دەبینەوە، کۆمەڵگا گەرمتر دەبێ و بەرەو نوختەی کوڵان و سەرڕێژ بوون نزیکتر دەبێتەوە.
نە ڕێژیم توانیویەتی دەرفەتێک بۆ بەردەوامیی خۆی بدۆزێتەوە و لەگەڵ زلهێزەکان بگا بە ڕێککەوتنێک کە دڵی پێ خۆش بێ، چونکە ڕووسیە ڕێگەی پێ نادا و نە توانیویەتی بەتەواوی بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بێ کە کەس دەنگی لێوە نەیە و نە توانیوتیەتی دۆخی ژیان تۆزقاڵێک بگۆڕێ کە گرووپێکی کەم دڵی پێ خۆش بکەن و هەر ڕۆژ وەزعی ڕێژیم شڕتر دەبێ و نیگەرانییەکانی زۆرتر دەبن!
هەرچی لە ساڵڕۆژی شەهیدکردنی ژینا نزیکتر دەبینەوە و بەرەو ساڵڤەگەڕی سەرهەڵدان و شۆڕشی ژینا دەڕۆین، وەحشەت سەرتاپای ڕێژیم زیاتر دادەگرێ! هەر بۆیە لەگەڵ هەڵکشانی نیگەرانییەکانی دوورەدیمەنی هەرەسهێنانی زۆرتر و زۆرتر دەردەکەوێ و لە وەها دۆخێکدایە کە بۆ دەربازکردنی خۆی هەرەشە لە کۆمەڵگا دەکا و هەر چالاکێکی وەبیر دێتەوە بانگی دەکا و هەڕەشەی لێ دەکا؛ بەڵام لە هەمووی زیاتر هەڕەشە و گوڕەگوڕەکانی روو لە کوردستان و خەڵکی کورد زۆرتر دەکا چونکە کوردستان وەکوو مۆتەکەی مەرگی نیزامەکەی دەبینێ!
دووبارە و لەم ڕۆژانەدا بەرپرسانی ڕێژیم باسیان لە دوا مۆڵەت بۆ چەککردنی هێزەکانی ڕۆژهەڵات کردووە و ڕێککەوتنی ئەمنییەتییان لەگەڵ بەغدا دێننەوە بەر باس!
هەرچی لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە باس دەکرێ دەڵێن ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانیان وەکوو دوامۆڵەت دیاری کردووە! بەڵام لە لایەنی عێراقی و بەغدا و هەولێرەوە هیچ وشەیەک لە سەر ڕۆژ دیاریکردن نابیسی و لایەنی عێراقی بەردەوام دەڵێ کە ڕێککەوتنیان کردووە کە لە سنووری ئەوانەوە هەڕەشەی نیزامی بۆ سەر ڕێژیمی تاران نابێ!
ئەمانە دەری دەخەن کە لە ڕێککەوتنەکەدا باس لە ڕۆژی دیاریکراو نەکراوە و ئەمە نیگەرانی و زەندەقچوونەکانی ڕێژیمە کە ڕۆژانی ساڵڤەگەری شەهیدبوونی ژینا و دەسپێکی شۆڕشی ژینای لێ بۆتە ژوانی مەرگی ڕێژیم و بۆیە لێی ترساوە و وەکوو دوامۆڵەت لای خۆی دیاریی کردووە!
لەم پەلەقاژانەی ڕێژیمدا هەردەم چاوەڕوانیی کردەوەی تیرۆریستی و تاوانی دژی مرۆیی دەکرێ و بەتایبەت کە لە ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا نزیک دەبینەوە کە هاوکاتیشە لەگەڵ تاوانێکی دزێوی دیکەی ڕێژیم واتە تیرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە بێرلین بە دەستی پاسدارە تێرۆریستەکانی نێردراوی تاران.
بەڵام خاڵێکی جێگای سرنج لەم هەڕەشە و گوشارانەی ڕێژیمدا کە وەبەر چاوی بخەینەوە بریتییە لە باسکردنی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لە پرسێک بە ناوی چەککردن یان چەک داماڵینی هێزەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات!
ئەوەندەی کە لە مەیدیاکان باس کراوە و و دەرکەوتووە گوایە دەسەڵاتی عێراقی لەگەڵ ڕێژیمی تاران ڕێککەوتنیان کردووە کە لە سنوورەکانەوە هەڕەشەی ئەمنییەتی لەسەر هیچ لایەکیان نەبێ یانێ هیچێان نەبنە پێگەیەک بۆ هەڕەشەی ئەمنییەتی و کردەوەی نیزامی دژی ئەوی تر. بەڵام ڕێژیمی تاران باس لەوە ناکا و شرۆڤە و ڕوانگەی خۆی باس دەکا و دەڵێ ڕێککەوتن کراوە کە هێزەکانی ڕۆژهەڵات چەک بکرێن!
ئەم پرسە دوو لایەنی هەیە، یەکەم پرسی بوونی هێزەکانی ڕۆژهەڵات، بوونێکی نێوخۆیی عێراقی و هەرێمی کوردستانە و هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو هێزانە بەستراوەتەوە بە سیاسەتی ئەم دیو نەک سیاسەتی تاران! بەڵام لایەنی دیکەی کە دەبێ زیاتری لێ ورد بینەوە سیاسەتی چەواشەکارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە.
دیوی دیکەی ئەم سیاسەتەی ڕێژیم بریتییە لە بەلاڕێدابردنی پرسی سیاسی لە ئێران و چەواشەکردنی پرسی کورد لە ئێراندا .
یەکەم: ڕێژیم بەم شێوە هەڕەشە و گوشارهێنانانە بۆ سەر کوردستان، دەیەوێ سرنجی سیاسی لەسەر ئێران و ساڵڤەگەری شۆڕشی ژینا لا ببا و پرسەکە بکاتە کێشەی نێوان دەسەڵاتی تاران و بەقەولی خۆیان تەجزیەتەڵەبان!
دووهەم بە باسکردنی بەردەوام لەسەر چەک داماڵین، پرسی کوردستان و کورد چکۆلە و قەتیس بکاتەوە لە پرسێک بە ناوی چەکدا کە مەسەلەکە ئەمنییەتییە و چەند کەسێکی چەکدار لە عێراق هەن کە هەڕەشەن بۆ سەر ئەمنییەتی سنوور و بەو شێوە تەنیا و تەنیا پرسی چەند نەفەر چەکدار باس بکرێ و باسەکە تەواو بکرێ بە چەک لێ سەندنەوە لەو چەند کەسە!
لەکاتێکدا کە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچیان بە دڵی خۆیان چەکیان هەڵ نەگرتوە، بەڵکوو ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهی بە فەرمانی جەهاد بۆ سەر کوردستان، کوردی ناچار کرد کە شەڕی مان و نەمان بکا و لە بەرامبەر فەرمانی جینۆسایددا دەستی داوەتە دیفاع!
لەوەش زیاتر، پرسی کوردستان، پرسی چەند چەک و بە دەستی چەند چەکدارێکەوە نییە، بەڵکوو پرسی نەتەوەیەکە کە لە ناوەندی دەسەڵاتەوە ستەمیان لێ دەکرێ و سەرچاوەی کێشەکە لە تارانە! پرسەکە گرێدراوی سنوور نییە و پرسی ئەمنییەتی سنوورەکان نییە، بەڵکوو پرسی ستەم و سەرکوت و لەوانەش گەورەتر پرسی سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی دەسەڵاتی تارانە دژی نەتەوەکان و بەتایبەت دژی کوردستان و کورد!
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەرچەند پەلەقاژەیەتی کە پرسەکە بکاتە پرسی چەند چەک و چەند چەکدارێک، بەڵام خۆی باش دەزانێ کە پرسەکە پرسی ستەمی نەتەوەییە لە ئێراندا و هاوئاهەنگبوونی نەتەوە ستەملێکراوەکان لەگەڵ یەکدی و لەگەڵ چین و توێژە پەراوێزخراوەکانی دیکەی وەکوو ژنان و کرێکاران و خوێندکارا ن و ... دوورەدیمەنی هەرەسهێنانی ڕێژیمی نزیکتر خستووەتەوە و بۆیە ڕێژیم هەم دەنگهەڵبڕین و هاوارەکانی زۆرتر کردوە و هەم دەیەوێ ئەسڵی بابەت و پرسەکانیش چەواشە بکا!
خەباتی ڕەوای نەتەوەکان و پەراوێزخراوە وەئاگاهاتووەکان لە ئێران تەنگی بە ڕێژیم هەڵچنیوە و نەک هێزەکانی کوردستان بەڵکوو ئەوە ڕێژیم و سوپا تیرۆریستیەکەیە کە دەبێ هەم چەک بکرێ و هەم بەرەو زبڵدانی مێژوو بەڕێ بکرێ.
وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین