کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگاو: لە ماوەی ٤ ڕۆژدا سزای سێدارەی لانیکەم ١٩ بەندکراو لە ئێران جێبەجێ کراوە

09:49 - 14 گەلاوێژ 2723

لە ماوەی ٤ ڕۆژی حەوتووی ڕابردوودا، سزای سێدارەی لانیکەم ١٩ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراون کە نیوەی زیاتریان هاووڵاتیی بەلووچ بوون.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لە ماوەی ٤ ڕۆژی حەوتووی ڕابردوودا (لە ڕۆژی یەکشەممە تاکوو چوارشەممە)، سزای سێدارەی لانیکەم ١٩ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراون کە ١١ کەسیان هاووڵاتیی بەلووچ بوون کە دەکاتە ٥٩ لەسەدی کۆی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٧ کەس لەو بەندکراوانە لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان لەسێدارە دراون کە زۆرترین حاڵەتی ئەم ئامارەیە، هەروەها ٤ بەندکراو لە بەندیخانەی زابۆل، ٣ بەندکراو لە بەندیخانەی خوڕەماوا، ٢ بەندکراو لە بەندیخانەی بیرجەند و لە بەندیخانەکانی قوم، ئەراک و ئەهوازیش هەرکام ١ حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمار کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ٣ کەس لەو بەندکراوانە هاووڵاتیی ئەفغانستان بوون و تاکوو ئێستا ناسنامەی ١٨ کەس لەو بەندکراوانە ئاشکرا بووە.