کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ئەندامانی بنەماڵەیەک لە ڕێگای سنە- مەریوان، پاش تەقەکردن لە ماشینەکەیان

09:51 - 14 گەلاوێژ 2723

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم، لە ڕێگای سنە- مەریوان، تەقەیان لە ماشینی هاووڵاتییەک بە ناوی پووریا ئەحمەدی کرد و پاشان ناوبراو و خێزانەکەیان دەسبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم، لە ڕێگای سنە- مەریوان، تەقەیان لە ماشینی هاووڵاتییەک بە ناوی "پووریا ئەحمەدی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە کردووە و پاش ڕاگرتنی ماشینەکە، ناوبراو و هاوسەرەکەی بە ناوی "سەحەر ئەحمەدی" و منداڵەکەی بە ناوی "بەرزین"یان دەسبەسەر کردووە.

هێزەکانی ئیتلاعات پاش لێدان لە پووریا ئەحمەدی و سەحەری هاوسەری، منداڵە ساواکەشیان دەسبەسەر کردووە و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنەیان ڕاگواستوون.

"کوردپا" ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی چوارشەممە ١١ی گەلاوێژ، هێزەکانی ئیتلاعات بنەماڵەی ئەحمەدییان بانگ کردووە و منداڵەکەیان ڕادەست کردوون.

هەروەها ئەو هێزانە ڕۆژی چوارشەممە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی پووریا ئەحمەدی و پاش پشکنینی ماڵەکەی، هەندێک کەرەستەی تاکەکەسیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی پوریا و سەحەر ئەحمەدی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

شایانی باسە کە پووریا ئەحمەدی، ڕۆژی ١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٧یش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە سنە دەسبەسەر کرابوو و پاش ١٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

هەروەها ناوبراو ڕۆژی ٢١ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٨، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ١٠ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.