کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگاو: لە ماوەی مانگی جوولایدا، سزای سێدارەی ٦١ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە

11:06 - 10 گەلاوێژ 2723

لە ماوەی مانگی جولای ئەمساڵدا، سزای سێدارەی لانیکەم ٦١ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. مانگی پێشووتریش سزای سێدارەی لانیکەم ٥٢ بەندکراو جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٣ی زایینیدا، سزای سێدارەی لانیکەم ٦١ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراون، لەو ئامارەش ٤ کەسیان لە شارەکانی شیراز و فوولادشار لە پێش چاوی خەڵک و لە شوێنی گشتیی شاردا لەسێدارە دراون.

هەروەها لەم ماوەیەدا، ٢ بەندکراوی سیاسیی خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان بە ناوەکانی محەممەد ڕامز ڕەشیدی و سەعید نەعیم هاشمی قەتالی لە شیراز و لە شوێنی گشتیی شار لەسێدارە دراون و سزای سێدارەی ٤ ژنیش لە بەندیخانەکانی کرمان، ڕەجاییشار، کەرەج و ئیسفەهان جێبەجێ کراوە.

هەر بەپێی ئەم ئامارە، سزای سێدارەی لانیکەم ١٢ بەندکراوی بەلووچ و ١١ بەندکراوی کورد جێبەجێ کراوە کە دەکاتە ٣٧.٧ لەسەدی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوانی سەرانسەری ئێران. هەروەها سزای سێدارەی ٩ بەندکراوی تورک جێبەجێ کراوە کە دەکاتە ١٤.٧ لەسەدی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوانی سەرانسەری ئێران.

شایانی باسە کە زۆربەی بەندکراوان واتە ٣١ کەس کە دەکاتە ٥٠.٨ لەسەدی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان، بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراون، هەروەها ٢٢ کەس کە دەکاتە ٣٦ لەسەدی کۆی گشتی لەسێدارەدراوان، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەسێدارە دراون.