کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی لە چالاکێکی بواری ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان

10:26 - 14 گەلاوێژ 2723

هاووڵاتییەکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی هەرێمی کوردستان بە ناوی فاروق ئەحمەدی، بەهۆی چالاکیی سیاسی و  بەڕێوەبردنی لاپەڕەیەکی ئینستاگرامی، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، هەڕەشەی تێرۆرکردنی لێ کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە "کوردستان میدیا"، فاروق ئەحمەدی ناسراو بە "شاهۆ"، تەمەن ٢٣ ساڵ، چالاکی سیاسی و بواری ڕاگەیاندن و خەڵکی شاری شنۆ کە دانیشتووی شارێکی هەرێمی کوردستانە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە شاری شنۆ، هەڕەشەی ڕفاندن و تێرۆرکردنی لێ کراوە.

لەمبارەوە فاروق ئەحمەدی بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاند: "لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە کەسوکاری من لە شاری شنۆ، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بانگ کراون و لەبەر چالاکییەکانی من بە توندی هۆشدارییان پێ دراوە. هەروەها ئەو ناوەندانە بەردەوام لە ڕێگەی ناردنی نامە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە، هەڕەشەی ڕفاندن و تێرۆرکردنم لێ دەکەن."

ئەم دوو ناوەندە ئەمنییەتییەی ڕێژیم، ئەو لاوە کوردەیان بە هاندانی خەڵکی شاری شنۆ لە ڕەوتی ڕاپەڕینی "ژینا"دا تۆمەتبار کردووە.

شایانی باسە کە فاروق ئەحمەدی، سەرەتا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بە بەڵێنیی پێدانی پارە، داوای هاوکاریی لێ کراوە و لەم دوایییانەشدا بە ئاشکرا لەلایەن ئەو ناوەندانەوە هەڕەشەی ڕفاندن و تێرۆرکردنی لێ کراوە.