کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەدان هێکتاری تر لە دارستانەکانی مەریوان لە ئاگردا سووتێنران

12:36 - 14 گەلاوێژ 2723

سەرەڕای هەوڵی بێ وچانی ژینگەپارێزان و هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکان، سەدان هێکتاری تر لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەو شارە لە ئاگردا سووتێنران.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژ، ئەنجومەنی سەوزی چیا ڕایگەیاند کە ئاگری دارستانەکانی گومارەلەنگ و دەرەوەرانی سەر بە مەریوان، وێڕای هەوڵی چەندین کاتژمێریی ژینگەپارێزان، لە کۆنترۆڵ دەرچوون و پێویستیان بە یارمەتیی خەڵکی ئەو شارە و ئاواییەکانی دەوروبەر هەیە و ئەگەری کارەساتی گیانیش لە ئارادایە.

هەرچەند ئاگری دارستانەکانی "گومارەلەنگ، ماسییەر و کۆڵیت" لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا کۆنترۆڵ کرابوون، بەڵام کاتژمێر ١٠ی بەیانیی ڕۆژی ڕابردوو، دیسانەوە لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە ئاگر بەردرایە ئەو دارستانانە و بەهۆی ڕووبەری زۆری ئاگرەکە، زیاتر لە ١١ تیمی ئەنجومەنی چیای سەوز بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرە، چوونە ئەو شوێنانە.

هەروەها ئەو ئەنجومەنە ڕایگەیاندووە کە شەوی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژ، دوای بەرگرییەکی قارەمانانە لە دارستانەکانی نیشتمان، دوو کەس لە ژینگەپارێزان لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی "دەرەوەران" بریندار بوون، کە چارەسەریی پزیشکییان بۆ کراوە و ئێستا دۆخی تەندروستییان جێگیرە.

لەلایەکی ترەوە دوای بانگەوازی ئەنجومەنی سەوزی چیا بۆ هاوکاریی خەڵکی، ٢ تیم لە ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "پاژین"ی بانە و چەندین تیم لە سنە، سەقز و پاوە، بە هانای ژینگەپارێزان و دارستانەکانی مەریوانەوە چوون.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە هەزار هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی مەریوان لە ئاگردا سووتێنراون و ژینگەپارێزان بە کەمترین ئیمکانات و بەبێ یارمەتیی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم، بە شێوەی خۆبەخشانە بە هانای دارستانەکانی نیشتمانەکەیانەوە دەچن.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی چوارشەممە ١١ی گەلاوێژ، دارستان و لێڕەوارەکانی دەوروبەری گوندەکانی "بالک، سەڵەسیی کۆن، ئەوێهەنگ، ساڵیان، نجێ و ڕەشنەش" سەر بە مەریوان و هەروەها گوندەکانی "یاقووباوا و کانی‌سوور" سەر بە شاری بانە، ئاگریان تێبەردرا و بەشێکی زۆر لە ژینگەی کوردستان و ئێکۆسیستمی ئەو ناوچەگەلە لە ئاگردا سووتان.

لەلایەکی ترەوە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژ، لێڕەوار و دارستانەکانی نێوان گوندەکانی ''لیلانێ وشاڵگە" و "گۆڵێ'' بە ناوی ''نسێی مەلاعەلی'' سەر بە شاری ڕەبەت، کە خاوەن دارستانێکی چڕوپڕە، لە ئاگردا سووتێنران.