کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی پێنج چالاکی ژینگەپارێز لە مەریوان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە

10:23 - 15 گەلاوێژ 2723

پێنج چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی "ئازاد ڕۆحی، لایەق ئەحمەدی، سەرکەوت عیبادی، ئالان ئەردەشیری و دلێر مەحەمەدی"، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ئێوارەی پێنجشەممە ١٢ی گەلاوێژ، سێ چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی ئازاد ڕۆحی، لایەق محەممەدی و سەرکەوت عیبادی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان ناڕوونە.

ئەو سێ چالاکە ژینگەپارێزە بە شێوەیەکی دڕندانە لە مەریوان دەسبەسەر کراون و لەنێوان ئەواندا ئازاد ڕۆحی و لایەق ئەحمەدی پێشتریش لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون.

هەروەها بەرەبەیانی چوارشەممە ١١ی گەلاوێژ، دوو چالاکی ژینگەپارێزی تر بە ناوەکانی دلێر محەممەدی دەرچووی بەشی کارەبا و خەڵکی گوندی "بالک" سەر بە مەریوان و هەروەها ئالان ئەردەشیری، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵی خۆیاندا بە شێوەیەکی دڕندانە دەسبەسەر کراون.

تاکوو کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبراوان و هەروەها شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

دەسبەسەرکرانی ئەو پێنج ژینگەپارێزە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئاگرێکی گەورە دارستانەکانی مەریوانی گرتووەتەوە و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان و چالاکوانانی ژینگەپارێزی لەو شارەدا، سەرەڕای بەربەست دروستکردن لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، بە دەستی بەتاڵ خەریکی کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن و چەندین کەسیان لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بریندار بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.