کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک لەسەر شۆڕشی ژینا لە شاری كاڵمار لە وڵاتی سوید

10:32 - 15 گەلاوێژ 2723

کۆمیتەی حیزب لە شاری کاڵمار لە وڵاتی سوید، سیمینارێکی لەسەر شۆڕشی ژینا بۆ کاوە ئاهەنگەری ڕێک خست.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کاڵمار لە وڵاتی سوید، سیمینارێکی لەژێر ناوی "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕوانگەی تێوریی کردەی بەکۆمەڵ لە ئێران"، بۆ کاوە ئاهەنگەری، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب ڕێک خست.

سیمینارەکە بە خوێندنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەندساتێک بێدەنگی، وەک وەفا و ڕێز بۆ یادی سەروەرانی شەهید، دەستی پێ کرد، پاشان جەلال ئەلیاسی بە ناوی کۆمیتەی کاڵمارەوە بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و بەکورتی تیشکی خستە سەر ئامانجی سیمینارەکە و کورتەیەکیشی لەسەر ژیان و تێکۆشانی کاوە ئاهەنگەری باس کرد.

دواتر کاوە ئاهەنگەری لەسەر شۆڕشی ژینا، ڕەهەند و تایبەتمەندییەکانی ئەم شۆڕشە و پێوەندیی بە کۆمەڵێک تێوریی کۆمەڵناسییەوە ،باسێکی چڕ و هەمەلایەنەی پێشکەش کرد.

تەوەرێکی دیکەی باسەکانی بەڕێز ئاهەنگەری جەختکردنەوە بوو لەسەر پێویستیی ڕوانگەی هێزە کوردییەکان لە گرینگیدان بە واقێعگەرایی، بە وێژمانی نەتەوەیی و تۆخکردنەوەی پایە هاوبەشە نیشتمانییەکان.

لە کۆتاییدا ژمارەیەک لە ئامادەبووان پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان سەبارەت بە تەوەرەکانی سیمینارەکە هێنایە گۆڕێ و کاوە ئاهەنگەرییش وڵام و ڕوونکردنەوەی پێویستی پێشکەش کرد.