کاک مستەفا هیجری سەبارەت بە بەردەوامیی سووتانی دارستانەکانی ناوچەی مەریوان پەیامێکی بڵاو کردەوە و لە پەیامەکەتدا دەڵێ ئاگربەردان لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا دەربڕی ئاگری ڕق و دوژمنکاری و کردنەئامانجی ژینگەی نیشتمان لەلایەن ڕێژیمی دژەخەڵک و دژەژینگەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
دەقی پەیامی کاک مستەفا:
ئاگربەردان لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا دەربڕی ئاگری ڕق و دوژمنکاری و کردنەئامانجی ژینگەی نیشتمان لەلایەن ڕێژیمی دژەخەڵک و دژەژینگەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دارستانەکانی مەریوان و ناوچەکانی دەوروبەری، بە شێوەی گوماناوی ئاگریان تێبەردراوە و سەرەڕای هەوڵی بێوچان و خۆبەخشانەی ژینگەپارێزانی ناوچەکە و خەڵکی شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ڕوویان لە شوێنی ئاگرەکە کردووە، مخابن سووتانی دارستانەکان هەروا بەرەدوامە و هەتا لە لایەکەوە کۆنترۆڵ دەکرێ، لە لایەکی دیکەوە سەرهەڵدەداتەوە.
ئەزموونی ڕابردوو ئەو ڕاستییەی سەلماندووە، تەنیا هێزێک کە ئیرادەی پاراستنی خاک و سروشتی کوردستانی هەیە، هێزی جەماوەر و کۆمەڵگەی کوردستانە. هەربۆیە پاراستنی ژینگە، پاراستنی خاک و سروشت و جوانییەکانی نیشتمانە. بێگومان پاراستنی نیشتمان و بەگژداچوونەوەی ئاگری دوژمن، نەک تەنیا ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانی، ئەرکێکی گەورەی مرۆڤایەتیشە کە تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردستان لێی بەرپرسیارن.
هەر لەو پێوەندییەدا هەوڵ و تێکۆشانی ژینگەپارێزانی مەریوان و هاریکاریی چالاکانی ژینگەپارێزی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بۆ دامرکاندنی ئەو ئاگرە، شیاوی پێزانینە. هەروەها ئەرکی هەموو کوردستانییانە بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ، بۆ کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بەهانای خەڵکی مەریوان و ناوچەکانی دەوروبەریەوە بچن.
مستەفا هیجری
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی