کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات، لە یادی ٧٨ساڵەی دامەزرانی‌دا

09:43 - 16 گەلاوێژ 2723

سمایل شەرەفی

٧٨ ساڵ پێش ئێستا و لە کۆتاییەکانی شەڕی جیهانیی دووهەم‌دا یەکەم حیزبی مودێرنی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر بناغەی کۆمەڵەی ژینانەوەی کوردستان (کۆمەڵەی ژێکاف) کە سێ ساڵ بوو بە شێوەی نهێنی چالاکیی دەکرد، لە شاری مهاباد دامەزرا. حیزبی دێموکرات دوای چەند مانگ لە دامەزرانی، یەکەم کۆماری دێموکراتیکی کوردی بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەد دامەزراند و لە قەوارەی ئەم دامەزراوە نەتەوەیی‌دا دەستی دایە پرۆسەی نەتەوەسازی و ڕێچکەیەکی نوێی لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان‌دا بەڕووی ئینسانی تێکۆشەری کورددا کردەوە.

حیزبی دێموکرات کە لە خەبات و تێکۆشانی نزیک بە هەشت دەیەی خۆی‌دا دژ بە دوو نیزامی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی‌ لەپێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان‌دا، چەندین قۆناغی سەخت و پڕلە کەوتن و هەستانەوەی تێپەڕاندووە، ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو، یادی لەدایکبوونی خۆی دەکاتەوە.

ئەم حیزبە کە لە ئاکامی لێکترازانێکی تەشکیلاتی‌دا بۆ ماوەی ١٦ ساڵ لەژێر دوو ناوی "حدکا" و "حدک"دا درێژەی بە تێکۆشان ‌دا، لە گەلاوێژی ئەمساڵ‌دا بە یەکگرتوویی و یەککڕیزی، هەم یادی ٧٨ ساڵەی دامەزرانی خۆی دەکاتەوە و هەم ساڵێک بەسەر سەرکەوتنی پرۆسەی یەکگرتنەوە‌ی‌دا تێپەر دەبێ.

یەکگرتنەوەی ڕێزەکانی حیزب لە ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی وەک یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانی ژیانی سیاسیی حیزب و، وەک داوا و ئارەزووی چەندین ساڵەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی ئەم حیزبە، بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کورد و حیزبی دێموکرات کە ڕێبەرایەتیی بەشی زۆری بزووتنەوەکەی لەسەر شانە، زەروورەتێکی مێژوویی بوو. دەستپێکردنی شۆڕشی ژینا دوای کەمتر لە مانگێک تێپەڕین بە سەر سەرکەوتنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و شوێنەواری یەکگرتنەوە و هاوهەڵوێستیی نێوان هێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان، سەڵمێنەری ئەم ئیدیعایەن.

یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کە شەپۆلێک لە خۆشحاڵی و ڕەزایەتی خەڵک لەنێوخۆی وڵات و هەروەها وەزەگرتنی تێکۆشەرانی دێموکراتی لێ کەوتەوە، لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا کاریگەریی بەرچاوی لەسەر یەکگرتوویی خەڵک لە سەر شەقامەکانی کوردستان دانا و وزەیەکی بەگوڕتری بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک بەرانبەر بە دێکتاتۆری لە ئێران بەخشی. بە جۆرێک کە زیاتر لە هەمیشە ڕێژیمی تارانی تووڕە و تووشی دەستەوەستانی کرد.

کاربەدەستانی ڕێژیم نەیانتوانی ڕق و تووڕەیی و ترسی خۆیان لە یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزب و کاریگەریی ئەم ڕووداوە مێژووییە لە سەر هەڵوێست و ڕەفتاری خەڵک بشارنەوە، بۆیە هەر دوای مانگێک تێپەڕین بە سەر یەکگرتنەوە و چەند ڕۆژێک تێپەڕین بەسەر شۆڕشی ژینادا، هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردە سەر بنکە و بارەگانانی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکە و بەخەیاڵی خۆیان، ویستیان چاوگەی وزە و دڵخۆشیی خەڵکی سەر شەقامەکانی کوردستان کوێر بکەنەوە. بەڵام زۆری نەخایاند کە لە شەقامەکانی کوردستانەوە درووشمەکانی "کۆیە بەتەنیا نیە، کوردستان پشتیوانییە" و "کوردستان قەڵای دێموکراتە" بەرز بوویەوە.

هاوکات لەگەڵ یادی ٧٨ ساڵەی دامەزرانی حیزب و ساڵوەگەڕی یەکگرتنەوە‌دا، بەرەو یادکردنەوە لە یەکساڵەی شۆڕشی ژینا دەرۆین و باس لە گۆڕانگارییەکی قوڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتەکەمان‌دا دەکەین کە هەموویان شوێنەواری تایبەتی و قوڵیان لەسەر یەکتر داناوە و دادەنێن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک سەرمایەیەکی مێژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کە ڕەسالەتێکی نەتەوەییی مافخوازانەی لەسەرشانە، تاقیکارییەکی مێژوویی و هەستیاری لەپێشە. لە ڕەوتی نزیک بە یەکساڵەی شۆڕشی ژینا و ڕووداوەکانی پێوەندیدار بەم ڕووداوە مێژووییە‌دا، دەرکەوت کە کورد لە کوردستانی ئێران و بەرەی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر ئاستی سەرانسەری و نەتەوەکانی ئێران‌، چاوەڕوانییان لە حیزبی دێموکرات هەیە. نفوز و پێگەی ئەم حیزبە لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان و لەنێو نەتەوەکانی دیکەی ئێران و، هەروەها ئێعتباری لەنێو کۆڕوکۆمەڵە ئێرانی و نێونەتەوەییەکان‌دا، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ ئەوەی لە ڕووی تەمەنەوە حیزبێکی کۆنی لەمێژیینەیە، بەڵام لە ڕوانین و هەڵوێست و جیهانبینی‌دا، بەڕۆژ و وڵامدەرە.

بۆیە حیزبی دێموکرات بە بێ ئەوەی بەم سەرکەوتن و ئیمتیازانە لەخۆبایی بێ، پێویستە لەگەڵ بڕینی کەیکی ٧٨ ساڵەی لەدایکبوون و ساڵوەگەڕی یەکخستنەوەی ڕیزەکانی، خۆی بۆ وڵامدەربوون بەرانبەر بە گۆڕانکارییەکان کە دەستیان پێکردوە ئامادەتر بکات و، بە پشتبەستن بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان و پاراستنی یەکگرتوویی رێزەکانی، درێژە بە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی میللی – دێموکراتیکی کوردستان بدات.