کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پڕۆسەی بەئەمنییەتیکردنی دیاردەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

10:26 - 16 گەلاوێژ 2723

د. محەممەد حوسێن‌زادە

پرۆسەی بەئەمنییەتیکردنی پرسەکان لە ڕۆژهەڵات لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پراکتیزەکردنی هەمان ئەو پرۆسەیە کە لە بەشی پێشوودا باس کرا. کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات بە تایبەت بە گەڕانەوە بۆ چەمکگەلێکی وەک "جیایی‌خوازی" ، "هەڵوەشانەوەی سنوورەکانی ئێران" و  "تێکچوونی یەکپارچەیی و "تەواوییەتی ئەرزی" زۆربەی پرسەکان یان تەنانەت داواکارییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بەئەمنییەتی بکات. بۆ نموونە ساڵانێکە هەوڵ دەدات داواکاری جێبەجێکردنی مافە نەتەوەییەکان و تەنانەت پرسێکی وەک خوێندن بە زمانی دایکی وەک هەڕەشەیەک زەق بکاتەوە و لەگەڵ خوازیارانی ئەو مافانە هەر جۆر ویستی ڕەفتار بکات و لە کوردستان بە هەر شێوەیەک ویستی سیاسەت بکات. بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا زمان یاخود گوتارێکی ئەمنییەتی بەکاردەهێنێت بە مەبەستی قایلکردنی هاووڵاتییانی ئێران (و بە تایبەت فارسەکان کە بە جۆرێک دەوڵەتی ناوەندی نوێنەرایەتیی بەرژوەندییە سەرەکییەکانیان دەکات). وەک گوتم چەمکەکانی جیاییخوازی و تەواویەتی ئەرزی و تێکدانی یەکپارجەیی وڵات چەمکە سەرەکییەکانی ئەو گوتارەن کە دەوڵەتی ناوەندی لە تاران زیاتر پەنای بۆ دەبات و وەک لە درێژەشدا ئاماژەی پێ دەکەم تەنانەت ڕووناکبیران و بەشێک لە ئۆپۆزیسیونی دەرەوەی وڵاتیش لە مامەڵە لەگەڵ کوردەکان یان حیزبەکان وەک نوێنەرانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات پەنا بۆ ئەو گوتارە دەبەن. بەمجۆرە، کۆماری ئیسلامی توانیویەتی پرسە ئاساییەکان یان سیاسییەکان وەک پرسی ئەمنیی نیشان بدات و دواتریش کوردستان میلیتاریزە بکات(١) و تەنانەت زۆر جار یاسا و ڕێساکانی خۆی بە بیانووی هەبوونی هەڕەشەی گەورە و هەبوو لەسەر وڵات پشتگوێ بخات.

هەر لەم چوارچێوەیەدا زۆر جار بینیومانە کاتێک نەک باس لە بابەتێکی وەک فیدرالیزم، تەنانەت کاتێک باس لە پێویستیی خوێندن بە زمانی دایکی لە کوردستان یان باقی هەرێمە نەتەوەییەکانی نێو جوغرافیای ئێران دەکرێت، خێرا هەندێک لە دامودەزگا بەناو کولتوورییەکانی حکوومەت یان "فەرهەنگسەراکان" باس لە مەترسی دابەشبوون و هەڵوەشانەوەی ئێران لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو داواکارییە دەکەن. ئەمە نموونەیەکی بەرجەستە لە بەکارهێنانی زمان یان گوتاری بەئەمنییەتیکردنە. هەر بە پشتبەستن بەم گوتارە، پرسی خوێندن بە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات ئەمنییەتی دەکرێتەوە و تەنانەت فێرکاری نافەرمیی زمانی کوردی وەک هەڕەشەیەک سەیر دەکرێت و بە هەموو جۆرێ هەوڵ دەدرێ گرفت و کێشە بۆ ئەو ناوەند و ئەنجومەنە مەدەنی و سەربەخۆیانە دروست بکرێ کە هەوڵی فێرکردنی زمانی کوردیی دەدەن. بۆیە سەیر نییە کە دەبینین مامۆستایەکی زمانی کوردی (خاتوو زارا محەممەدی وەک مامۆستای زمانی کوردی لە سنە وەک نموونە) حوکمی زیندانی بەسەردا دەسەپێت و حکومەت و دامودەزگاکانیش وەڵامدەرەوەی ئەو نین کە بۆچی هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی تاوانەکەی ڕادەستی دادگا ناکەن. هۆکارەکەی ئەوەیە کە هەوڵ بۆ فێرکردنی زمانی کوردی لە بنەڕەتدا پرسێکی ئەمنییەتییە و پرسێکیش کە ئەمنییەتی بوو حکوومەت بە ڕەوای دەزانێت لە لەسەرەوە/دەرەوەی دەستوور و یاسا کار بکات. رەنگە ئەمە یەکێک لەو نموونە یان حاڵەتانەی بەئەمنییەتیکردن بێت کە تێیدا ڕۆڵی ڕۆشنبیران و نووسەرانی فارسیش لە ڕەوتی بەئەمنییەتیکردنی پرسەکاندا بە ئاشکرا دەردەکەوێت. کاتێک هەندێ لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی فارس هاودەنگ لەگەڵ حکوومەت بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەر جۆرە ددانپێدانان و قەبووڵکردنی زمانە نافارسییەکان دەبێتە هۆی لێکهەڵوەشانەوەی ئێران، دەبن بە بەشیکن لەو پرۆسەیە لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ قایلکردنی هاووڵاتیانی ئێران بۆ ئەوەی خوێندن بە زمانی دایکی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر تەواوییەتی ئەرزی ئێران بە هەژمار وێنا بکەن. هەندێک لەو ڕۆشنبیرانە بە ڕادەیەک دەکەونە خزمەتی بەهێزکردنی ئارگیومێنتی بەئەمنییەتیکردن کە دەڵین "تەنیا خایینان هەوڵ دەدەن زمانی فارسی تەنیا بە زمانی فارسەکان بزانن ". لەڕاستیدا ئەمە بە مانای ڕەتکردنەوەی بوونی باقی نەتەوەکانە جگە لە فارسەکان. تەنانەت هەندێک لەوانە، وەک محەممەدڕەزا شەفیعی کەدکەنی، پێی وابوو پێداگری لەسەر خوێندن بە زمانی دایکی پیلانێکی دەرەکی و بە تایبەت پیلانی ئینگلیسەکانە. ئەمە درێژەی هەمان گوتاری فارسیستە کە هەر جۆرە داواکارییەکی نافارسەکان بە پیلان یان پیلانێکی دەرەکی نیشان دەدات.(٢)  لە ڕاستیدا ئەگەر بەناو ڕۆشنبیران و تەنانەت نووسەرانی فارس نەبن، کۆماری ئیسلامی لانیکەم لە قایلکردن و قەناعەتهێنان بە کۆمەڵگە وەک نواندنی ئەو پرسە وەک هەڕەشەی هەبوو تووشی کێشە دەبێت و ئەوەش دەتوانێت پرۆسەی بەئەمنییەتیکردن تووشی گرفت یان لاواز بکات.

بەئەمنییەتیکردنی ژینگەی ڕۆژهەڵاتیش هەر ئەم پرۆسەیە تێ‌دەپەڕێنێت. کاتێک بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەیەکدا دەڵێ ژینگەپارێزان بوونەتە بڵندگۆی “دژە شۆڕش ” و دواتر بە دەیان و سەدان کەناڵ و ماڵپەڕی ئێرانی ئەوە وەک سەردێڕ دادەنێن، ژینگەپارێزیی دەبێتە هەڕەشە و بابەتێکی نائاسایی کە پێویستی بە چاڕەسەرێکی تایبەت و نائاسییە. بۆیە خێرا لە ناوەندە پەیوەندیدارەکان پلان و پیلان دژی ژینگەپارێزان دادەڕێژرێت.

وەک نموونەیەکی دیکەی بەرجەستەی بەئەمنییەتیکردنی پرسەکانی ڕۆژهەڵات، دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو (١٤٠١) چەند ئەندامێکی حیزبی کومەڵەی شۆرشگێڕان لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران، خێرا وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژێم و سپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا باسیان لەوە کرد کە ئەو ئەندامانەی کۆمەڵە پلانیان بۆ تەقاندنەوەی ناوەندێکی هەستیاری سەربازی لە ئیسفەهان هەبووە. هاوکات لە میدیاکانیاندا پڕۆپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە ئەو حیزبە لەگەڵ موسادی ئیسرائیل پەیوەندی هەبووە و لەلایەن ئەو وڵاتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە ڕاسپێردراون. هەر لەو کاتەدا ٢٠١ بەناو نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم ڕاگەیەندراوێکیان سەبارەت بە توڵەسەندنەوە لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەرکرد. هەر لە ڕاگەیەندراوەکانی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژێمدا ئاماژەش بەوە کرابوو کە "کۆڵبەران" پێشتر کەلوپەلی سەربازی و چەکوچۆڵی پێویستیان بۆ نێوخۆ بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەو عەمەڵیاتە گواستووەتەوە. لێرەدا دەبینین کە لەژێر ناوی "تەقاندنەوەی ناوەندێکی هەستیاری سەربازی" و "پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل" و "هاوردەکردنی چەکوچۆڵ بۆ نێوخۆی ڕۆژهەڵات" هەم پرسی حیزبەکان و هەم کۆڵبەران ئەمنییەتی دەکرێتەوە. ئەمە لە لایەکەوە بوو بە یەکێک لە بیانووەکانی هێرشی دواتری مووشەکی و پەهپادی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم ڕەواییدان بە کوشتنی کۆڵبەران لە داهاتوودا. لە بیرمان نەچێت کە پێشتریش هەندێ لە کاربەدەستان و بەرپرسانی حکومەت بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە لەگەڵ کوڵبەرەکان “کەسانی دژە شۆڕش ” دێنەوە نێو وڵات و ئێمە ناتوانین لێکیان بکەینەوە. هەر ئەمەیە وا دەکات کە ساڵانە سەدان کوڵبەر تەقەیان لێ بکرێ و بکوژرێن و کەسیش لێپرسینەوەی لێ نەکرێت. لۆژیکەکەی ئاسانە: کۆڵبەری بابەتێکی ئەمنییەتییە. وەک لە بەشی پێشوودا ئاماژەم پێداوە، هەر بەکارهێنانی وشەی ئەمنییەت دەتوانێت کلیلی ڕەواییدان بە بەکارهێنانی هێز یان سەرکوتکردن یان پێشێلکردنی یاسا و ڕێسا بێت.

لە میانەی ڕاپەڕینی ژیناشدا بینیمان لە کاتێکدا کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بڕیاریان دابوو لە ناردنی هێز بۆ نێوخۆی ڕۆژهەڵات خۆیان ببوێرن، بەڵام سپای پاسدارانی ڕێژیم لە پیلانێکدا وێنەی هەندێ لە هێزەکانی خۆی لە جلوبەرگی پێشمەرگەدا بڵاو دەکردەوە و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هێزی پێشمەرگە نێردراوەتەوە و بۆیە پێویستە و ڕەوایە خۆپیشاندەران بە توندترین شێواز سەرکوت بکرێن. دیسان هەندێک لە پان‌ئێرانیستەکان و لایەنگرانی دەسەڵاتی ناوەندی کە لە دەرەوە خۆیان بە ئۆپۆزیسیونی ئێران دادەنێن هەندێ وێنەی ساڵانی ڕابردووی پێشمەرگەیان بڵاو کردەوە و دووبارە کەوتنە چوارچێوەی خزمەت بە گوتاری بەئەمنییەتیکردنی خۆپیشاندانەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.

هەڵبەت جگە لەو نموونانەی کە ئاماژەم پێ کردن، نموونە زۆری دیکە هەن کە کەسانێک لە دەرەوەی دەسەڵات ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئاسانکاریی بۆ پرۆسەی بەئەمنییەتیکردنی ڕۆژهەڵات لەلایەن حکوومەتەوە دەکەن. بۆ نموونە لە ساڵانی ڕابردوودا هەندێجار بینیومانە کاتێک چەند پێشمەرگەیەکی سەر بە حیزبەکان چالاکییەکی تەشکیلاتییان لە نێوخۆ ئەنجام دەدا یان دەکەوتنە کەمینی هێزە چەکدارەکانی ڕژێم و ناچار دەبوون بەرگری لە خۆیان بکەن، خێرا دەستەیەک بەناو سەربەخۆ یان ڕیفۆرمخواز لە ڕۆژهەڵات ڕەخنەیان دەگرت کە گوایە ئەو چالاکیانەی پێشمەرگە دەبێتە هۆی میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات. لەڕاستیدا، خودی ئەو پاساوهێنانەوە لە خزمەتی بەئەمنییەتیکردن و میلیتاریزەکردنی ڕۆژهەڵاتدا بوو. چونکە لە ماوەی ساڵانێکی دوورودرێژ کە خەباتی چەکداری لەلایەن هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەستاوە، نەک هەر هیچ هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوە یان چارەسەرکردنی پرسی کورد نەدراوە و هیچ پرسێکی ئەمنیی سیاسی یان ئاسایی نەبووەتەوە، بەڵکو بە کردەوە کوردستان بووەتە بنکەیەکی سەربازیی گەورە و زیاتر لە هەموو کات میلیتاریزە کراوە و بە بنکە و پایەگای سەربازی تەنراوە.  ئەگەر میلیتاریزەکردن ئەنجامی بەئەمنییەتیکردن بێت، ئەمە نیشان دەدات کە تەنانەت دوای وەستانی خەباتی چەکداری بەئەمنییەتیکردن لە هەموو بوارەکاندا (سیاسیی، ژینگە، ئابووری، کلتووریی) پەرەی سەندووە. لەڕاستیدا ئەوەی لە ڕۆژهەڵات ڕووی داوە سەلمێنەری یەکێک لە ڕوانگەکانی بیرمەندانی قوتابخانەی کوپێنهاگیشە کە دەڵێن هەموو بابەتێک (بابەتە سیاسییەکان، ئابوورییەکان، کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت ژینگەش) دەکرێت ئەمنییەتی بکرێتەوە. ئەمانەی کە ئاماژەم پێدان تەنیا وەک نموونە بوو، هەر دیاردەیەکی دیکەش دەکرێت بە پشت بەستن بەم مودیلەی بەئەمنییەتی کردن شرۆڤە بکرێت.

 

ئەنجام

بەئەمنییەتیکردن پرۆسەیەکە کە دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێ دیاردەی ئاسایی یان سیاسی کە پێشتر یان هەر لە بنەڕەتدا ئەمنییەتی نەبوون، بکەونە چوارچێوە و بازنەی ئەمنییەتییەوە. پرۆسەیەکە کە تێیدا ئەکتەری بەئەمنییەتیکەر هەوڵ دەدات دیاردەیەک وەک هەڕەشە بنوێنێت بۆ ئەوەی بە هەر شێوازێک کە خۆی بە گونجاوی دەزانێت، تەنانەت لە دەرەوەی یاسا و ڕێسا باوەکان مامەڵەی لەگەڵ بکات. بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە گوتار و زمانی بەئەمنییەتیکردن و بەڵگەهێنانەوە یان درووستکردنی بەڵگەیە بۆ ئەوەی قەناعەت بە ئەندامانی کۆمەڵگە بۆ بینینی ئەو بابەتە وەک مەترسی بهێنێت و ڕەوایی بە هەموو کردەوەکانی خۆی بدات. لەم پرۆسەیەدا هەم بابەتەکە دەتوانێت لەڕاستیدا هەڕەشە نەبێت و تەنیا وەک هەڕەشە بنوێنرێت و هەم بەڵگە و ئارگومێنتەکان دەتوانن ساختە و ناڕاست بن. هەر لەم چوارچێوەیەدا، کۆماری ئیسلامی وەک ڕژێمێکی داگیرکەری کوردستان زیاتر لە چوار دەیەیە هەوڵی بەئەمنییەتیکردنی پرس و بابەتەکانی ڕۆژهەڵات بەمەبەستی میلیتاریزەکردنی ئەم ناوچەیە و پتەوکردنی پێگەی ناڕەوای خۆی دەدات. ئەو ڕژێمە لە ڕێگەی بەئەمنییەتیکردنی داواکارییە ئاسایی یان سیاسییەکان هەوڵی داوە ڕێگاچارەیەک بۆ کونتڕۆڵکردنی دۆخەکە یان باشتر بڵێم سەرکوتی خەڵک و داواکارییەکانیان بدۆزێتەوە. ئیستا ئیتر هەموو پرسە سیاسییەکان واتە هەر پرسێک کە پەیوەندی بە داواکارییەکانی خەڵک سەبارەت بە پێدانی مافە نەتەوەییەکان یان تەنانەت حوکمڕانی باش و دێموکراتیانەوە هەبێت، بەئەمنییەتی کراون. بۆیە هەموو رێگاچارەکانیش بەرتەسک کراونەتەوە لە بەکارهێنانی هیز و باقی شیوازەکانی توندوتیژی و سەرکوتکردن. کۆماری ئیسلامی بەبەکارهێنانی زمانی بەئەمنییەتیکردن لە ڕێگای کەڵکوەرگرتن لە هەندێ چەمک وەک جوداییخوازی و هەڵوەشاندنەوەی ئێران، توانیویەتی لانیکەم بەشێکی بەرچاو لە فارسەکان لەو پرۆسەیەدا لەگەڵ خۆی بخات. ئەمەش وای کردووە تەنانەت بەشێک لە ئوپوزیسیونی بەناو سەراسەری لە دەرەوەی ئێران زۆر جار بەرامبەر داخوازییەکانی کورد و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پەنا بۆ هەمان زمان و گوتاری کوماری ئیسلامی لە پرۆسەی بەئەمنییەتیکردنی کوردستان ببەن. وەک لەم نووسراوەیەدا وتم لە پرۆسەی بەئەمنییەتیکردندا دەبێ وا بنوێنرێت کە هەڕەشەکان مەترسییان بۆ هەمووان هەیە و بەرژوەندییەکانی زیاترین ژمارەی دانیشتوانی وڵاتێک دەخەنە مەترسییەوە. بۆیە ئەم باسە دەتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارەش بێت کە بۆچی هەم کۆماری ئیسلامی و هەم هەندێ لە ئۆپۆزیسیونی فارس بەردەوام لە مامەڵە لەگەڵ کوردەکان باس لە تەواوییەتی ئەرزی، یەکپارچەیی وڵات و جیایی‌خوازی یان سەربەخۆیی‌خوازی کوردەکان دەکەن و لەو پرسەدا هیچ جیاوازییەکان پێکەوە نییە.   

***

یادداشتەکان و سەرچاوەکان:

١- شایانی ئاماژەیە وەک پێشتر ئاماژەم پێ داوە من لە نێوان میلیتاریزەکردن و بەئەمنییەتیکردنی کوردستان جیاوازی دادەنێم. ئەم دوو چەمکە گەرچی زۆر تێکەڵ دەکرێن بەڵام دەتوانم بڵێم میلیتاریزەکردن بەشێک یان باشتر بڵێم یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی سیاسەتی بەئەمنییەتیکردن. بەئەمنییەتیکردن دەروازەیەکە بۆ میلیتاریزە کردن. بۆیە کاتێک دەڵێین بەئەمنییەتیکردنی کوردستان تەنیا مەبەست دامەزراندنی بنکە و بارەگای سەربازی لە کوردستان نییە؛

٢- کمال سلیمانی و احمد محمدپور، امنیتی‌سازی زندگی: کردستان شرقی (ڕۆژهەڵات) تحت حاکمیت کشور فارسی- شیعی، ترجمە: خوشناو قاضی، صص ١٠-١١.