کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریندارکردنی لانیکەم ٧ کۆڵبەر لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە لە سنووری نەوسوود

11:13 - 16 گەلاوێژ 2723

هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری نەوسوود بە دەسڕێژی گولـلە، لانیکەم ٧ کۆڵبەریان لەو سنوورە بریندار کرد.

بەپێی هەواڵی "کوردپا"، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ٦ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ، پاوە و سەلاسی باوەجانی بە ناوەکانی "ئێحسان ڕەسووڵی، سەلام وەیسی، میلاد بازانی، نیما ئەعزەمی، هۆشیار بازانی و فەرشاد"، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندار کراون.

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، بەبێ ئاگاداریی پێشوو ڕاستەوخۆ دەسڕێژی گولـلەیان کردووە بە نێو گرووپێکی کۆڵبەراندا و لانیکەم ٧ کەسیان بریندار کردووە کە ناسنامەی یەکێکیان ئاشکرا نەبووە.

هەروەها ئەو کۆڵبەرە بریندارانە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "قودس"ی شاری پاوە کراون و دۆخی تەندروستیی هەندێکیان ناجێگیرە.