کۆڵبەرێکی خەڵکی پاوە بە ناوی "ئاسۆ کەریمی"، لە سنووری نەوسوود، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران کوژرا.
بەپێی هەواڵی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، شەوی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ، تەرمی کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی "کۆمەرە" سەر بە پاوە بە ناوی "ئاسۆ کەریمی" کە شەوی پێشتری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم پێکرابوو، لە یەکێک لە باخەکانی نزیک گوندی "شووشمێ" دۆزرایەوە و تەرمەکەی بۆ بێهداریی نەوسوود گواسترایەوە.
شەوی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ، لانیکەم حەوت کۆڵبەر لە سنووری نەوسوودی هەورامان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار کرابوون کە شوناسی ٦ کەسەکەیان بەم شێوەیە ڕاگەیەندرابوو: "ئێحسان ڕەسووڵی خەڵکی پاوە، نیما ئەعزەمی، سەلام وەیسی، میلاد و هوشیار بازانی خەڵکی جوانڕۆ و فەرشاد خەڵکی سەلاسی باوەجانی."
هەروەها "ئاسۆ کەریمی"ش لەگەڵ ئەو کۆڵبەرانە بووە کە وەبەر دەسڕێژی گولـلە دراون و بەهۆی قوڵیی برینەکانی و خوێنبەربوونەوە لە یەکێک لە باخەکانی نزیک گوندی "شووشمێ" گیانی لەدەست داوە. ناوبراو تەمەن ٣٩ ساڵ و خێزاندار بووە.
لەلایەکی ترەوە هێزەکانی ڕێژیم تەرمی "ئاسۆ کەریمی"یان، بە بیانووی نەبوونی پزیشکی دادوەری لە پاوە، بۆ شارێکی تر ڕاگواستووە کە لەمبارەوە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.
شایانی باسە کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی بانە بە ناوی "هوشیار ئەمینی دەوسێنە"، خەڵکی گوندی دەوسێنەی سەر بە شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا.