کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ورەی شۆڕش

23:02 - 17 گەلاوێژ 2723

ئاسۆ مینبەری

لەو ڕۆژەوە کە ژینا ئەمینی بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئێرشادی ڕێژیم کوژرا و شۆڕشی بێ‌وێنەی ژینا بە دروشمی سەرەکیی ژن، ژیان، ئازادی دەستی پێ کرد، تاکوو ئەمڕۆ کە نزیک بە ١٠ مانگ بەسەر دەسپێکی ئەم شۆڕشەدا تێ‌دەپەڕێ، کوردستان بینەری کۆمەڵێک ڕووداوی جۆراوجۆر بووە. کۆمەڵێک حەماسەی گەورە خوڵقاون کە ڕەنگە لە ماوەی ٤٤ ساڵ دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامیدا و سەرەڕای هەبوونی شەپۆلی جیاوازی ناڕەزایەتییەکان، کۆمەڵگە ڕووداو و حەماسەی لەو چەشنەی بە خۆیەوە نەدیتبێ.

بە شەهیدبوونی هەر لاوێکی کوردستان، حەماسەیەک خوڵقا، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسە و چلەی ماتەمینی، بەپێچەوانەی نۆرمی کۆمەڵگە، بوون بە دەرفەت بۆ بەگژداچوونەوە و ئەکتێکی نوی بەرانبەر بە داگیرکاری و سەرەڕۆیی ڕێژیمی ئێران و هاوکاتیش خوڵقاندنی حەماسەیەکێ نوێ و دەگمەن.

ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوو، هەڵگری کۆمەڵێک بەها و پەیامی گرینگ بوون؛ وردبوونەوە لە هەرکام لەو ڕووداوانە بۆ ئەوە دەبێ دەیان و سەدان کتێبی لێ بنووسرێ و بچێتە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کوردەوە.

هەر کام لە ڕووداوەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا، وانەیەکی جیاوازی پێ بوو، بەڵام هەموویان لە یەک شتدا کۆک و تەبا بوون، ئەویش ئەو پەیامە گرینگەی ئەم نەتەوەیە بە هیچ چەشنە سەرکوت و زەبر و زەنگێک بەچۆک دانایە و تا گەیشتن بە ئامانجی خۆی، لە ڕێبازی تێکۆشان بەردەوام دەبێ.

لە ڕۆژی شەهیدبوونی ژیناوە، شارەکانی کوردستان هەموو ڕۆژێک دەبوون بە گۆڕەپانێک بۆ ناڕەزایەتیدەربڕێن بەرانبەر بە ڕێژیم. هەر ڕۆژە و لە شارێک بڵێسەی ئاگری ناڕەزایەتییەکان بەرز دەبووەوە و ڕێژیمی لە لێواری هەڵدێر نزیکتر دەکردەوە. هەر ڕۆژ و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا، کۆمەڵێک ڕووداو ڕوویان دەدا کە پێکەوە بوون بە پێناسەیەک بۆ شۆڕشی ژینا.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، "محەممەد حەسەنزادە"ی  تەمەن ٢٨ ساڵ، لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری بۆکاندا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید بوو. شەهید محەممەد لە دوایین ستۆریی ئینستاگرامەکەیدا نووسیبووی: "ڕەنگە ئەمڕۆ، ڕۆژی کۆتایی ژیانم بێ، لەپێناو بەختەوەری گەلەکەم...". بەڵام چیرۆکی محەممەد لێرە و بە شەهیدبوونی کۆتایی پێ نەهات، هەر ئەوەی کە هاوڕێکانی بە گیانبازییەوە چوونە مەیدانی خەباتەوە، نیشانی دا کە چۆن ڕێبازی شەهیدان درێژەی دەبێ. باوکی شەهید محەممەد، لەسەر مەزاری کوڕە شەهیدەی بە دڵێکی پڕ بۆ لەدەستدانی کوڕەکەی بەڵام سەربەرزانە و وەک باوکی شەهیدێکی ئەم نیشتمانە، بە قسەکانی حەماسەیەکی نوێی خوڵقاند، و هێز و ورەی دووبارەی بە شۆڕشەکە بەخشی و بە ڕێژیمی ئێرانی سەلماند کە تەنانەت شەهیدکردنی ڕۆڵەکانیشیان ناتوانێ لە خەبات و تێکۆشان بیانوەستێنێ. باوکی شەهید محەممەد، لە سەر مەزاری کوڕە شەهیدەکەی بە ڕستەیەک، وێڕای بزواندنی هەستی خەڵکی کوردستان، ورەی بەردەوامبوونی پێ دان، کاک ئەحمەد لەسەر مەزاری کوڕە شەهیدەکەی بەغیرەتبوونی پیاوانی، بە غیرەتی ژنانەوە پێناسەوە کرد و گوتی، لەمەبەدوا بۆ ئەوەی پیاوێک زۆر پیاو و بەغیرەت بێ دەبێ زۆر ژن بێ!

هێنانە سەر زاری ئەم قسانە بۆ باوکێک کە ساڵەکانی تەمەن و لاوەتیی خۆی لەپێناو بەختەوەریی منداڵەی داناوە، ئاسان نییە، ئەگەر خۆشەویستیی نیشتمان نەبێ چی ئەتوانێ لە کاتی ئەسپەردەکردنی تەرمی جگەرگۆشەیەکدا، ئەم هێزە بەم باوکە ببەخشێ کە ئاوا سەربەرزانە و بوێرانە بێتە گۆ و شۆڕشێک بە زیندوویی ڕابگرێ!

بەڵام چیرۆکەکە لێرەش کۆتایی پێ نەهات، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لە دایکی شەهید محەممەد، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاند. دایە عەزیمە، لە کاتی پڕکردنەوەی ئەو گۆڕانەی لە تەنیشت گڵکۆی کوڕە شەهیدەکەی و لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە ئامادە کرابوون، پێشی بە پیلانە نگریسەکەی ڕێژیم گرت. ڕێژیم بە خەیاڵی خۆی بە هەڵکەندنی عەرزی دەوروبەری مەزاری شەهیدان دەتوانێ پێش بە کۆبوونەوەی خەڵک لەسەر مەزاری شەهید محەممەد بگرێ و ئاگری ئەم شۆڕشە دامرکێنێ، بەڵام دایە عەزیمە بە وتنی ئەم ڕستەیە کە خاک و وەتەنی ئێمەیە، خۆ هی حکوومەت نییە، بۆ جارێکی دیکە حەماسەیەکی نوێی خوڵقاند.

ئەکتی دایک و باوکی شەهیدان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، لە گرینگترین فاکتەرەکانی زیندوومانەوەی ئەم شۆڕشە بوون. بێگومان بۆ هیچ دایک و باوکێک ڕاهاتن لەگەڵ مەرگی منداڵەکەیان ئاسان نییە، بەڵام لە شۆڕشی ژینادا، دایک و باوکان، پاش شەهیدبوونی منداڵەکانیان، بوون بە بزوێنەری شۆڕشەکە. ئاخرین ستۆرییەکانی شەهید محەممەد، قسەکانی باوکی لە کاتی ناشتنی تەرمەکەی و کردەوە و قسەکانی دایکی لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هەموویان نیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە هیچ بەربەستێک ناتوانێ خەڵک لە داواکارییەکانیان دوور بخاتەوە. هەر کام لەم ئەکتە جیاوازانە لە زەمەنێکی جیاوازدا ڕوویان دا، بەڵام ئاراستەی هەموویان، شۆڕشەکە و زیندووڕاگرتنی شۆڕشەکە بوو. لە ڕاستیدا کردەوەی هەر کام لە ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدان، بە جۆرێک لە جۆرەکان توانیی ورەیەکی تازە بە شۆڕشەکە بدات.

لە فیداکاری بۆ گەل و نیشتماندا، شەهیدبوون بەرزترین پلەیە کە بە تاک دەبەخشرێت، شەهیدانی شۆڕشی ژیناش سەرەڕای ئەوەی کە هەر کامەیان لە جێگە و پێگەی خۆیاندا سەرمایەی ئەم خاک و نیشتمانە بوون، بەڵام بە شەهیدبوونیان و پێشکەشکردنی ژیان و گیانیان لەپێناو ئازادیی نیشتماندا، وانەی لەخۆبوردووییان جارێکی دیکە پێ داینەوە، هاوکات لەگەڵ ئەمە، شەهیدبوونیان هێزێکی تایبەتی بە بنەماڵەکانیان بەخشی و ئێستا ئیتر بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانن کە ورە بە شۆڕشەکە دەبەخشن و بێگومان ئەم ورەیە دەبێ سەرچاوەی هێز بۆ بەردەوامکردنی شۆڕشە تا گەیشتن بە ئامانج بێ.