کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی کانادا لەگەڵ ئەندام پارلمانێکی ئەو وڵاتە

09:48 - 18 گەلاوێژ 2723

هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی کانادا لەگەڵ ئەندام پارلمانێک و کادرێکی حیزبی کۆنسێرڤاتیڤی ئەو وڵاتە لەسەر پرسی کورد لە ئێران کۆ بوونەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران- ڕۆژاوای کانادا، چاوپێکەوتنێکی دۆستانەی لەگەل "تۆم کمیچ"، ئەندامی پارلمانی کانادا و "نێڵی شین"، پارلمانتاری پێشوو و کادری حیزبی کۆنسێرڤاتیڤی ئەو وڵاتە پێک هێنا.

لەو دیدارەدا سەعدی عەبدی و سمایل ئیبراهیمی لە کۆمیتەی حیزب، بەوردی دوایین ئاڵوگۆڕ و ڕووداوەکانی کوردستان و ئيرانیان بۆ لایەنی کانادایی باس کرد و ڕاپۆرتێکیان لەسەر کردەوە تێرۆیستییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوخۆی ئيران و باشووری کوردستان پێشکەش کرد.

"تۆم کمیچ" جارێکی تر پشتیوانیی خۆی لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد دووبارە کردەوە و ڕایگەیاند بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بگەیەنێتە گوێی کاربەدەستانی کانادایی و کۆڕ و کۆمەڵ و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تاوان و جینایەتەکانی ڕێژیمی تاران بێ‌وڵام نەمێنێتەوە.

هەروەها، "نێڵی شین" بەڵێنیی ئەوەی دا کە وەک پسپۆڕێکی بواری ئەمنییەتی، سەرنجی تایبەت بداتە کوردستان و لایەنە پێوەندیدارەکان لەو مەترسییانە ئاگادار بکاتەوە.