کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوە یەکگرتووەکان: دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە

10:06 - 19 گەلاوێژ 2723

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و سکرتێری گشتیی ئەو ڕێکخراوەیە، سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی مانگی گەلاوێژی ١٤٠١ تا خاکەلێوەی ١٤٠٢ جەخت لەوە کراوەتەوە کە لەم ماوەیەدا دۆخی گشتیی مافی مرۆڤ لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو "خراپتر" بووە.

لەم ڕاپۆرتەدا کە ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕ بڵاو کرایەوە، پرسگەلێکی وەک "بەکارهێنانی لەڕادەبەردەری هێز" لە هەوڵێک بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، دۆخی دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری و دۆخی مافەکانی ژنان و منداڵان و کەمایەتییەکان باس کراون.

کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە دوای دەسپێکی شۆڕشی ژینا لە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی خۆپیشاندەران، چالاکوانان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و پارێزەران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

هەروەها باس لەوە کراوە کە لەم ماوەیەدا میکانیزمە قەزاییەکان لە ئێران بە مەبەستی هەڵسوکەوتی دادپەروەرانە لەگەڵ تۆمەت و سکاڵای قوربانییەکان "ناکاریگەر" بووە.

ئەم ڕاپۆرتە بە ئاماژەدان بە "زۆربەکارهێنانی هێز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ سەرکوتکردنی ناڕازییان"، وەبیری هێنایەوە کە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لەو ناوچانەی ئێران بینراوە کە ناڕەزایەتییەکان توندتر بوون؛ لەوانە  تاران و کوردستان و پارێزگای سیستان و بەلووچستان.''

کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا باسی لەوە کردووە کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٨٢ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر کە ٣٣٣ کەس لەسێدارە دران، بە ڕێژەی ٧٥ لەسەد زیادی کردووە.

کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەسبەسەرکردنی لانیکەم ٢٠ هەزار کەسی لە کاتی ڕاپەڕینی ژینادا بەهۆی بەشداریکردن یان پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییەکان ڕاگەیاند و وتی کە چەندین ڕاپۆرتی ئەشکەنجەدان، مامەڵەی خراپ، توندوتیژیی سێکسی و ڕەگەزی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران لە کاتی دەسبەسەرکردن یان لێکۆڵینەوەدا هەیە.