کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی بۆکان و جوانڕۆ

10:12 - 21 خەرمانان 2723

ئەحمەد معەزەز، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و پارسا ئەفشار، لاوی خەڵکی جوانڕۆ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەحمەد معەزەز، هاووڵاتیی تەمەن ٧٢ ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و قەزایی، بە شێوەیەکی دڕندانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، پاش هەڵکوتانە سەر ماڵی ئەحمەد معەزەز و دەسبەسەرکردنی بە شێوەیەکی دڕندانە، دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتەکانی وەکوو مۆبایلی خۆی و ئەندامانی بنەماڵکەی و کامپیۆتێرەکەیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانان، پارسا ئەفشار، لاوی خەڵکی شاری جوانڕۆ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و قەزایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراوان، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.