کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سەقز و شنۆ دەسبەسەر کران

08:13 - 22 خەرمانان 2723

چوار هاووڵاتی خەڵکی شارەکانی سەقز و شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانان، چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی "ئومید موقەدەسی" و "هیوا تاتایی" خەڵکی شاری سەقز و "زانیار مەقدوور" و "فەردین خۆش‌خاهێش" خەڵکی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
ئەو چوار هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و ئومید موقەدەسی و هیوا تاتایی بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە شاری سنە کراون.
فەردین خۆش‌خاهێش ساڵی ١٤٠١، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شنۆوە، بە سەرۆکایەتی "ئەبووتالیب جەلیل‌پوور" بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی و گرینگینەدان بە مەئمووران و تێکدانی کەلوپەلی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان"، بە ٥ ساڵ و سێ مانگ زیندان، مەحکووم کرابوو.