کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مۆڵەتی کارکردنی دامەزراوەی پەروەردەی "ڕۆژنۆباری زانستی کوردستان" هەڵوەشایەوە

10:35 - 12 خەرمانان 2723

وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران، مۆڵەتی دامەزراوەی پەروەردەی ڕۆژنۆباری زانستی کوردستانی هەڵوەشاندەوە و بەردەوامیی کارکردنی ئەم دامەزارەوەیەی قەدەغە کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، مۆڵەتی کارکردنی دامەزراوەی ڕۆژنۆباری زانستی کوردستان بە بیانووی "بە فەرمیکردنی زمانی کوردی"، لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێرانەوە هەڵوەشاوەتەوە. ئەم دامەزراوە پەروەردەییە لە شەش ساڵ پێشەوە لەسەر ئاستی قوروە و دێولان کاری کردووە.

سیرووس عەباسی و هاوژینەکەی فەریدە وەیسی، کە بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لە دەسبەسەرکراوانی ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"ین، وەک دامەزرێنەرانی ئەم دامەزراوەیە، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایانگەیاند: "ئێمە ئەم کارەی حکوومەت بە کارێکی بێ بنەما، نا یاسایی و نا دادپەروەرانە دەبینین".

لەبەشێکی ئەم پەیامە ڤیدییۆیەدا دەڵێن: "سیستەمی پەوەردەی ئێران، تێکەڵێکە لە سیستمی کۆڵۆنیالیزم و ئایدۆلۆژیک کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی لە ڕێگەی پەروەردەوە سەپاندووە و ئاکامەکەی ژینۆسایدی فەرهەنگی بووە".

سیروس عەباسی لەگەڵ براکەی ئازاد عەباسی، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ و لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەسبەسەرکران و دوای تێپەڕاندنی ٣٢ ڕۆژ لە بەندی تاکەکەسی بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە گواسترانەوە.

سیرووس عەباسی دوای ئازادی بە دانانی بارمتە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی دێولانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی نیزام"، سزای ١٠ مانگ بەندکردن، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" سزای ١٨ مانگ بەندکردن و بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی گشتی" سزای ٤٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.