کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە

10:53 - 23 خەرمانان 2723

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی "سەباح ساڵحی، فەرزاد کەریمی و ئومێد ئەسەدی"، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرمانان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری سنە، هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانی ئومێد ئەسەدی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارە و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەرمانان، فەرزاد کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"ی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی شاری سنە و دانیشتووی شاری ئەهواز کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرابوو، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ئەهواز دەسبەسەر کرایەوە.

لەلایەکی ترەوە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانان، دوو ماشینی پڕ لە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، هەڵیانکوتاوەتە سەر  شارەکی حەسەن‌ئاوا لە نزیک شاری سنە و بە شێوەیەکی درندانە "سەباح ساڵحی"یان دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵانە، زانیارییەکی ورد لەبارەی چارەنووسی ناوبراوان لەبەر دەستدا نییە.