کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنگتۆن؛ بەڕێوەچوونی کۆڕێکی سیاسی بۆ کاک خالید عەزیزی لە ئەنستیتۆتی کورد

20:32 - 23 خەرمانان 2723

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانان، ئەنستیتۆتی کورد لە واشنگتۆن، کۆڕێکی سیاسیی بۆ کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێک هێنا. لەو کۆڕەدا، وتەبێژی حیزب باسێکی هەمەلایەنەی لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکانی، کوردستان، ناوچە و ئێران پێشکەش کرد.

کاک خالید لە قسەکانیدا پەرژایە سەر ئەوەی کە پێویستە کورد لەگەڵ ئێرانییە ئازادیخوازەکان و ئەوانەی باوەڕیان بە دێموکراسی و دابینکردنی مافی نەتەوەکان هەیە، خەباتێکی یەکگرتووانە ببەنە پێشەوە و لەم بارەوە دەبێ هەوڵ بدرێت کە لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش ڕێک بکەوین.

وتەبێژی حیزب لە بەشێکی دیکەی قسە و باسەکانیدا، هەڕەشە و گوڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی دژی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکراتی بۆ ئەو هەلومەرجە گەڕاندەوە کە خەڵکی ئێران و کوردستان یەکگرتووتر لە پێشوو لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینادا خۆیان بۆ قۆناغێکی دیکە لە ناڕەزایەتیی جەماوەری ئامادە کردووە و ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی ڕێژیمی ئێرانی لێکەوتووتەوە، هەر بۆیە دەیهەوێت وا وێنا بکات کە ئێران لە دەرەوە مەترسیی لەسەرە.

بەڕێز عەزیزی ئاماژەی بەوەش کرد کە حیزبی دێموکرات وەکوو هەمیشە بەرپرسانە لەگەڵ دۆخی هەرێمی کوردستان دەجووڵێتەوە و هیچکات لە هەرێمی کوردستانەوە وەکوو پشتی جبهە کەڵکی وەرنەگرتووە و ئەوەشیان بە هەموو لایەک ڕاگەیاندووە و لەمبارەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لە دیدار و چاوپێکەوتن بەردەوام دەبن. 

وتەبێژی حیزب پێشی وابوو کە ئێران پتر ئامانجی لەباربردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ناسەقامگیرکردنی کۆی عێراقە، هەر بۆیە پێی وابوو پێویستە ئەمریکا و هاوپەیمانان لەم مەیدانەوە ڕووبەڕووی ئێران ببنەوە و سنوورێک بۆ ئاژاوەگێڕییەکانی ئێران دابنێن.

لەم کۆرەدا، لێکۆڵەران و نوێنەری ڕاگەیەنەرەکان بەشدار بوون و کاک خالید عەزیزی وڵامی پرسیارەکانی دانەوە.