کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندان لە دەیان شاری جیهان لە ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و شەهیدکردنی ژینا ئەمینی

10:23 - 26 خەرمانان 2723

کوردستانیان و ئێرانیانی نیشتەجێ لە وڵاتانی جیهان، بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لە زیاتر لە ٢٠ شاری جیهان خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان، هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، کوردستانیان و ئێرانیانی نیشتەجێ لە ٢٠ شاری وڵاتەکانی وەک ئوسترالیا، نیوزلەند، فینلاند، هۆلەند، ژاپۆن، ئوتریش، کۆرەی باشوور، دانمارک، ئاڵمان، ئیتالیا، فەرانسە و سوید، دژی ڕێژیمی ئێران و بۆ پشتیوانی لە گەلانی ئێران، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

خۆپیشاندەران بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی گەلانی ئێران و دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، دروشمەکانی وەک ''نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی، نەمان بۆ خامنەیی، ژن، ژیان، ئازادی و ژینا ئەمینی''یان وتەوە و داوایان لە وڵاتانی جیهان کرد کە پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بکەن.

بەڕێوەچوونی ئەم خۆپیشاندانانە لە حاڵێکدایە کە لە ساڵڕۆژی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی، ئەمریکا، بریتانیا، کانادا و یەکیەتیی ئورووپا لە کاردانەوە بە سەرکوتی سیستماتیکی ڕێژیمی ئێران، چەندین کەس و دامەزراوەیان خستە نیو لیستی گەمارۆکانەوە.

جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا و جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی سیاسیی جیهانیش بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە، خۆڕاگرییەکانی خەڵکی ئێرانیان بەرز نرخاند.