کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا؛ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ژینا

10:27 - 26 خەرمانان 2723

ڕۆژی شەمە ٢٥ی خەرمانان، لە شاری ڤانکوڤێری کانادا، بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا، خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو.

كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئیران بە هاوكاریی ئێرانییانی دانیشتووی ڤانکوڤێر، بە بەشداریی هەزاران كەس، خۆپیشاندانێکی بەشکۆی بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و مەحكوومكردنی ڕێژیمی ئاخوندی بەڕێوە برد. هەروەها لەو خۆپیشاندانەدا چەندین ئەندام پارلمان لە ئەحزابی كونسێرڤاتیڤ و لیبراڵ بەشدار بوون.

لە سەرەتای خۆپیشاندانەکەدا، "شادی ئەمین ئاقایی و حیكمەت قولیزادە" بە زمانەكانی كوردی، ئینگلیزی و فارسی بەخێرهاتنی میوانەكانیان كرد.

پاشان پەیامی كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئیران بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن ژینۆ كەریمی خوێندرایەوە كە باسی لە یەکساڵەی بەرخۆدان و گیانفیدایی خەڵک لە كوردستان بەتایبەتی و ئێران بەگشتی كرد.

لە پەیامی کۆمیتەی حیزبدا داوا لە دەسەڵاتدارانی کانادا کرا كە گوشاری زیاتر بخەنە سەر ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی و بەتایبەت سپای پاسداران بخەنە لیستی تێرۆریستییەوە.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا، گرووپی میوزیكی "سابات و ساوێن" بە سروودی ئەی شەهیدان و چەندین پارچە میوزیكی كوردیی تر، بەرنامەکەیان ڕازاندەوە.

شایانی باسە كە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و كوردانی دانیشتووی ڤانکوڤێر بە جلی كوردی و ئاڵای كوردستانەوە بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون.

بەرنامەكە بە ڕێپێوان و دورشمدان دژی ڕێژیمی ئاخوندی كۆتای پێ هات.