کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‎ڕۆژاوای ئوسترالیا؛ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ژینا

10:44 - 26 خەرمانان 2723

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان، ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، کۆمەڵەی کورد لە ڕۆژاوای ئوسترالیا لە شاری پێرت، خۆپیشاندانێکی جەماوەریی بە هاوکاریی کۆمیتەی "یەکیەتی بۆ ئێرانییەکان" و "سەیڤ ئیران" ڕێک خست.
لە سەرەتای خۆپیشاندانەکەدا خاتوو ڕووناک ڕاد، بەڕێوەبەری بەرنامەکە،  بە زمانی ئینگلیزی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و وتەیەکی پێشکەش کرد. ناوبراو لە قسەکانیدا وتی: ئێمە لێرە کۆ بووینەتەوە و دەمانهەوێت پەیامێک بەو خەڵکەی دەوروبەرمان ڕابگەیەنین و پێیان بڵێین کە حکوومەتی ئێران بە هیچ جۆرێک نوێنەرایەتیی ئێمە و گەلانی نێو ئێران ناکات و دژی یاساکانی مافی مرۆڤ هەڵسوکەوت دەکات.
‎پاشان مەسعوود سەمەدی، بە زمانی ئینگلیزی وتەیەکی پێشکش بە ئامادەبووان کرد و ئاماژەی بە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران کرد. هەروەها داوای لە دەوڵەتی ئوسترالیا کرد کە سپای پاسداران وەک هێزێکی تێرۆریستی پێناسە بکات؛ سەرمایەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی ئوسترالیا، کە پارەی دزراوی خەڵکی ئێرانە، دەستی بەسەردا بگیرێت و باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی کە شوێنی سیخوڕی و سازماندانی کردەوەی تێرۆریستین، دابخرێت.
‎لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا نەسرەدین سیلڤانەیی، بە زمانی فارسی چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و نیگەرانیی خۆی لە نەبوونی دێموکراسی و نەبوونی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا دەربڕی. 
پاشان دوو پارلمانتاری حیزبی لەیبەر لە ڕۆژاوای ئوسترالیا، بۆ پشتیوانیی خۆپیشاندەران چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.
‎خاتوو کلارا ئەندرک، لە سەرەتای وتەکانیدا پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپیشاندەران ڕاگەیاند و کۆماری ئیسلامیی شەرمەزار کرد کە کچێکی لاوی لەسەر ڕەچاونەکردنی باڵاپوش کوشتووە و کوژرانی ژینای بە کارەسات ناو برد.
‎ئەییور مەکور چۆرت، دووەم پارلمانتاری لەیبەر کە ئامادەی ڕێپێوانەکە بوو، وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: من دەزانم ئێش و ئازارەکانی ئێوە چەندە قورسە، دەزانم کارەساتی شەڕ چەندە گەورە و ناخۆشە. بەڵام ئێوە زۆر لەوە بەهێزترن و زۆر لەوە ئازاترن کە لە ئاست ڕێژیمێکی وادا بە چۆکدا بێن.