کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یادی شەهیدكرانی ژینا و پشتیوانی لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا، خۆپێشاندانێک لە دانمارک بەڕێوە چوو

11:03 - 26 خەرمانان 2723

ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی ھەتاوی، لە شاری کۆپێنھاگی پێتەختی وڵاتی دانمارک لە یەکەم ساڵوەگەڕی شەهیدکردنی "ژینا ئەمینی" بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەسپێکی شۆڕشی ژینا لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە دانمارک، بە هاوکاریی چەند حیزب و لایەن و گرووپی دیکەی کورد و ئێرانی، بە پاڵپشتیی Amnesty International، کۆڕێک بە شێوازی وتار و کۆنسێرت بەڕێوە چوو.

سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەری خۆپیشاندانەکە بەخێرھاتنی بەشداران کرا و سروودی ئەی ڕەقیب و چەند سروودێکی دیکەی نەتەوەکانی ئێران خوێندرایەوە.

 لەو خۆپیشاندانەدا بەیاننامەی ھاوبەشی لایەنەکانی بەشداربوو لەم خۆپێشاندانە لەلایەن خاتوونێکی حیزبی خەڵکی بەلووچستان و وتاری نوێنەری ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە وڵاتی دانمارک لەلایەن خاتوو ''لیۆ'' و وتاری نوێنەری شورایی ژنان لەلایەن خاتوو "ماریا" خوێندرایەوە.

لە نێوئاخنی بەرنامەکەدا دوو گۆرانی لەلایەن خاتوونێکی دانمارکی بە ناوی ''سیلیە''، دوو گۆرانی لەلایەن خاتوو ''ڕزوان''، دوو گۆرانیی کوردی لەلایەن ھونەرمەند مەسعوود محەممەدی و خاتوونێکی دانمارکی بە ناوی ''ئیمالی'' و  گۆرانییەک لەلایەن ''نیما'' پێشکەش کران.

ئەو ھێز و لایەنانەی لەم خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون بریتی بوون لە: "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەرەی ئازادی، ڕاپەڕینی شورایی، حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، حیزبی خەڵکی بەلووچستان، ناوەندی ئەندێشە، ناوەندی ئێرانییانی ئازادیخوازی ئۆدنسە، کۆمیتەی مالمۆ و یەکگرتوویی بۆ ئێران."