کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێکی جەماوەری بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ژینا لە وڵاتی سویس

11:09 - 26 خەرمانان 2723

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان، خۆپیشاندانێکی جەماوەری بە بەشداریی سەدان هاووڵاتیی کورد و ئێرانی و نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە شاری بازڵ لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای بەرنامەکەدا، "شادی ویجدانی" وەک یەکێک لە بەڕێوەبەرانی بەرنامەکە بە زمانی کوردی بەرنامەکەی کردەوە و بەخێرهاتنی بەشدارانی کرد.

پاشان زاهێر قادرحاجی، بەرپرسی کۆمیتەی سویسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک وتاری دەستپێک بەرنامەکەی کردەوە. ناوبراو لە بەشێک لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە زوڵم و جینایەتی هەردوو ڕێژیمی پەهلەوی و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی سەدساڵی ڕابردوودا کرد و وتی: تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، درێژەی هەمان تاوان و جینایەتەکانی ڕابردوو بووە.

ناوبراو لە درێژەی پەیامەکەیدا باسی لە زەروورەتی یەکگرتوویی هێز و لایەنەکان و ڕۆڵ و پێگەی حیزبی دێموکرات لە بەجەماوریکردنی ئەو خەباتەدا کرد.

دواتر پەیامی حیزبی گەلی بەلوچستان پێشکەش کرا و لە درێژەی بەشی یەکەمی بەرنامەکەدا سەمایەک لەگەڵ پارچە هۆنراوەیەکی ئاڵمانی پێشکەش کرا.

لەگەڵ ڕێپێوانی بەشدارانی خۆپیشاندانەکە بە نێو شاری بازڵ، دروشم بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئاڵمانی وترانەوە و دوای زیاتر لە یەک کاتژمێر خۆپیشاندەران لە مەیدانی "کازێرنێر ئارێاڵ" کۆ بوونەوە و لەوێدا ئەم پارلماتارانە لە پارلمانی سویس وتاریان پێشکەش کرد: "کاتیا کریست، پارلمانتار لە فراکسیۆنی سەوزەکان؛ فابیان مۆلینا، ئەندامی کومیسیونی پێوەندییەکانی دەرەوە لە پارلمانی سویس؛ سیبەل ئارسلان، پارلمانتار لە فراکسیۆنی حیزبی سەوزەکان و مستەفا ئاتیچی، پارلمانتار لە فراکسیۆنی پارتی سوسیالیستی سویس."

لە درێژەی بەرنامەکەدا شانۆیەک لەلایەن کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکی ڕۆژهەڵاتی پێشکەش کرا.