کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوتریش؛ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لە یەکەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی

11:20 - 26 خەرمانان 2723

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان، لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە خۆپیشاندانێک بەبۆنەی یادی یەکساڵەی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی لە ناوەندی شاری ڤییەن لە وڵاتی ئوتریش بەڕێوە چوو.

لە خۆپیشاندانەکەدا نوێنەری بەشێک لە حیزبە کوردستانییەکان، حیزبە ئوتریشییەکان و کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی ئوتریش بەشدار بوون.

سەرەتا لەلایەن حوسەین خاڵدار، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی حیزب و محەممەد فەقێ عەلی، کادری پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزبی دێموکرات، پاش بەخێرهێنانی بەشدارانی خۆپیشاندانەکە، ڕیزی بەرنامەکە بە زمانی کوردی و ئاڵمانی ڕاگەیەندرا.

پاشان سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب پێشکەش کرا و بەبۆنەی ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کورد و کوردستان خولەکێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا.

دواتر لەلایەن دوکتور "جەزا ساڵحی"یەوە پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان بەبۆنەی یادی یەکساڵەی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرا. لە پەیامەکەدا سەرەڕای وەبیرهێنانەوەی چۆنیەتیی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی لەلایەن جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامییەوە و دژکردەوەی حیزبە کوردستانییەکان و خەڵکی کوردستان، ئاماژە بە بەشێک لە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٤ ساڵی تەمەنی نگریسیدا کرا. 

بێ هەڵوێستیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە داخوازییەکانی خۆپیشاندەرانی کورد و ئێرانی وەک ناساندنی سپای پاسداران وەک ئورگانێکی تێرۆریستی، داخستنی باڵوێزخانە و کونسول و ناوەندە کولتووری و ئیسلامییەکانی کۆماری ئیسلامی کە ناوەندی ڕێکخستنی کاری تێرۆریستی و پەروەردەکردنی خەڵکی توندئاژۆن و... بەشێکی تر لە ناوەڕۆکی پەیامەکە بوو.

هەروەها لە خۆپیشاندانەکەدا نوێنەرانی چەند حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی و ئوتریشی بەشدار بوون و پەیامیان پێشکەشی خۆپیشاندانە کرد، لەوانە: "خاتوو ئێڤا ماریا، ئەندام پارلمانی حیزبی سوسیال- دیموکرات؛ خاتوو سایە ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی شورای شاری ڤییەن؛ خاتوو سیمۆنە دینها لە لایەن ڕێکخراوە شتۆپ دی بۆمب؛ فەریبۆرز، نوێنەری پارتی ئازادی کوردستان لە ئوتریش و شێخ دانا بە نوێنەرایەتی لە مەڵبەندی کوردی."

هەروەها لەلایەن جەماڵ خانەقینی، شاعیری خەڵکی باشووری کوردستان و ئەکرەم حەسۆ، شاعیری خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ شەهیدکرانی ژینا چەند پارچە شێعر پێشکەش کران.

لە خۆپیشاندانەکەدا گرووپێک لە لاوانی کچ و کوڕ بە لەبەرکردنی تیشیرتێک بە نووسراوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕەنگی ئاڵای کوردستان و وێنەی ژینا لەنێو خۆری ئاڵاکەدا بەشدار بوون و خۆپیشاندەران وێنەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، ئاڵای کوردستان و ئارمی حیزبەکانی سەر بە ناوەندیان بەدەستەوە بوو.

شایانی باسە کوردانی یارسانیش بەشدارییەکی بەرچاویان لە خۆپیشاندانەکەدا هەبوو.

هەروەها لە خۆپیشاندانێکی تردا کە لە شاری ڤییەن لەلایەن ئێرانییەکانەوە بەبۆنەی یادی یەکساڵەی شەهیدکرانی ژیناوە پێک هاتبوو، خوسرەو بەهرامی بە نوێنەرایەتی لەلایەن کۆمیەتی ئوتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بانگهێشت کرابوو و بەشداری خۆپیشاندانەکە بوو و لە خۆپیشاندانەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد.