کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا؛ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بەبۆنەی ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی

11:59 - 26 خەرمانان 2723

ڕۆژی شەممە ۲٥ خەرمانان، شەش حیزبی سیاسیی ئیرانی و کوردستانی بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی''، خۆپیشاندانێکی بەرینیان لەبەر دەرکی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە لەندەنی پێتەختی وڵاتی بریتانیا بەڕێوە برد.
سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و شوڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' دەستی پێ کرد.
پاشان لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامەکە، مینا سوارە، بە خێرهاتنی ئامادەبووان کرا و دواتر پەیامی شەش لایەنی سیاسی لەلایەن حەمە ئیناخی، حافز سەیدی، نوێنەری حیزبی تەزاموون دێموکراتیک ئەحواز و ڕزگار ئالانی، نوێنەری حیزب لە بریتانیا بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی پێشکەش کران. 
دواتر هونەرمەند بەرهەم شەمامی سروودێکی لە پێوەندی لەگەل شۆڕشی ژینا پێشکەش کرد . 
خۆپێشاندەران بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی دروشمیان بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتەوە.
ئەو حیزب و لایەنە سیاسییانە کە لەو خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون بریتی بوون لە: "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، حیزبی خەڵکی بەلووچستان، پارتی ئازادی کوردستان، حیزبی تەزامون دێموکراتیکی ئەحواز وبەرەی یەکگرتووی بەلووچستان."