کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک لەژێر ناوی "ژن، ژیان، ئازادی" لە وڵاتی نۆروێژ

17:17 - 26 خەرمانان 2723

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانان، لەلایەن کۆمیتەکانی دەرەوەی وڵات و نۆروێژی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کتێبخانەی لیللێسترۆم و کۆمۆنی لیللێسترۆم، سیمینارێک بەبۆنەی ساڵوەگەڕی شۆڕشی "ژینا" و "ژن، ژیان، ئازادی"، بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی یەکیەتیی ژنان و کوردانی دانیشتووی وڵاتی نۆروێژ، لە شاری لیللێسترۆم بەڕێوە چوو. ‎

سەرەتا بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری، ساتێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا. دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرانی سیمینارەکە، "نینا لانگڤێلد" و "کەریم ئەڵڵاوەیسی" بە هەر دوو زمانی کوردی و نۆروێژی بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا و بە کورتی ئاماژەیان بە مەبەستی سیمینارەکە و ڕیزی بەرنامەکان کرد.

لە بڕگەی یەکەمی سیمینارەکەدا، "ئیسماعیل ئیسماعیلزادە" چەند کۆپەلە شێعری پێشکەش کرد.

دواتر "عەبدوڵا حیجاب" باسێکی لەسەر شۆڕشی ژینا پێشکەش کرد. لە بەشێکی باسەکەی بەڕێزیاندا هاتبوو: شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییە بە لێکەوتەی قووڵی سیاسییەوە، ئەو شۆڕشە نەتەنیا ڕێژیمی دیکتاتۆر، بەڵکوو زێهنییەتی دیکتاتۆرخوڵقێنیش بە ئامانج دەگرێی و لە ئێستاوە کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگه دیارە. نەسڵی ئێستا بایەخ و نرخە ئیدئۆلۆژیک و سیاسییەکانی ئەو ڕێژیمە ڕەت دەکەنەوە و خۆیان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیک ئامادە دەکەن و سەرچاوەی هێز و ئیلهامی ئەو شۆڕشە بزووتنەوەی کوردستان و ژنانی کوردستانن کە ڕابردوویەکی دەیان ساڵەیان لە خەبات بۆ دێموکراسی، یەکسانی و ئازادی هەیە.

بڕگەی یەکەمی سیمینارەکە بە پێشکەشکردنی چەند سروود و گۆرانیی شۆڕشگێڕی لەلایەن گرووپی "دیوانەوە" کۆتایی پێ هات.

لە بڕگەی دووەمی سیمینارەکەدا شانۆیەک بە پیشاندانی دیمەنی شەهیدکردنی ژینا کە لەلایەن ئەندامانی یەکیەتیی لاوان و یەکیەتیی ژنانەوە ئامادە کرابوو، پێشکەش کرا.

پاشان نوێنەری ڕێکخراوی هەنگاو، خاتوو "شلێر باپیری" باسێکی لەژێر ناوی، دۆخی مافی مڕڤ لە ئێران و بەتایبەت کوردستان پێشکەش کرد. بەڕێزیان باسی لە مافی مرۆڤ لە ئێران کرد و بەتایبەت جەختی لەسەر بارودۆخی نەتەوەکان و بەتایبەت کورد کرد. ئاماژەی بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کرد، لەوانە لەسێدارەدان، دەسبەسەرکردن و سەرکوتکردنی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە پشتبەستن بە ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ دا کە بەشێکی زۆری ئاماری دەسبەسەرکراوان و لەسێدارەدراوان کوردەکانن.

هەر لە بڕگەی دووەمدا سەرۆکی مافی مرۆڤی نۆروێژ، "مەحموود ئەمیری موقەدەم"، باسێکی لە پێوەندی لەگەڵ شۆڕشی ژینادا پێشکەش کرد. بەڕێزیان وتی: ڕاستە شەهیدکردنی کچە کوردێک بوو بەهۆی سەرهەڵدانی شۆڕشێک کە ناوی شۆڕشی ژینایە، بەڵام ڕق و تووڕەیی خەڵکی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی هەتا بەلووچستان زۆر لەوە زیاتر بوو، بە دەیان و هەزاران جینایەت لە ئێراندا کراون.

لە بەشی کۆتایی سیمینارەکەدا "مەحبووبە ڕەحیمی"، بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای سپاس و دەستخۆشی لە کتێبخانە و کۆمۆنی لیلەسترۆم و بەشداربووان، چەند وتەیەکی لە پێوەندی لەگەڵ چۆنیەتیی مەرگی ناوەختی ژینا و مەبەست لە پێکهێنانی سیمینارەکە و کاری هاوبەشی ڕێکخراوەکان پێشکەش کرد.