کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید؛ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا

17:21 - 26 خەرمانان 2723

بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا، خۆپیشاندانێک لە ستۆکهۆڵمی پێتەختی وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان و لە ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی "ژینا ئەمینی" و بەرەبەری دەسپێکی دووەمین ساڵی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، خۆپیشاندانێک لەلایەن "کۆمەڵەی پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێران" و بە هاوکاریی چەند لایەنی سەربەخۆ، لە گۆڕەپانی "نۆرماڵم" و بە بەشداریی کوردان و ئێرانییانی دانیشتووی ستۆکهۆڵم و بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدان، بەڕێوە چوو.
لەو خۆپیشاندانەدا پەیامی حیزب و لایەنە سویدی و کوردییەکان پێشکەش کران کە بریتی بوون لە پەیامی سوسیال دێموکرات، پارتی چەپی سوید، 'ئێل ئوو" هێزی یەکگرتووی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و چەند لایەنی کوردی و ئێرانی و لەنێو ئەوانیشدا پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن "ڕێناس خزری"یەوە بە زمانی سویدی پێشکەش کرا.
پێویست بە ئاماژەیە کە یەکیەتیی ژنان و کۆمیتەی ستۆکهۆڵمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان و هێماکانی حیزبەوە، چالاکانە بەشدار بوون.
خۆپیشاندان پاش نزیک بە دوو کاتژمێر، بە دانی دروشم و موزیکی شۆڕشگێڕی کۆتایی پێ هات.